لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کڕۆنا و هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان و قوربانییانی لە مانگی ڕابردوودا، یەکێک لە نیگەرانییەکان گەیشتنی ئەم ڤایروسە بە بەندیخانەکانی ئێران و کەوتنە مەترسی گیانی بەندکراوانە. چوونکە ئەوان بە شێوەیەکی هاوبەش لە بەشە گشتییەکانی زیندان پێکەوە دەژین و دۆخی خاوێنیش باش نییە، بۆیە لە هەموو کەسێک زیاتر لە مەترسییدان.

ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانانی ئەم بوارە داوایان لە حکومەتی ئێران و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کردووە کە مۆلەتی چوونەدەرەوە لە زیندان بە بەندکراوانی سیاسی بدرێت. هەروەها لەم ماوەیەدا زۆربەی بنەماڵەکان وەدوای بارودۆخی ئەندامانی بنەماڵەکەیان کەوتوون و داوای مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە زیندانیان بۆ کردوون.

سەرەڕای دانی مۆڵەت بە ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسی و دەرکردنی لێبوردنی بۆ ئەو کەسانەی سزاکەیان لە پێنج ساڵ کەمترە، کەچی ژمارەیەکی زۆر لە گیراوان لە زیندانەکانی ئێران لە دۆخێکی خراپ و مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کڕۆنا ڕادەگیرێن. لە ئێستاشدا ئەم مەترسییە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی تووشبوونی چەند گیراوێک بە ڤایرۆسی کڕۆنا، لە هەموو کاتێک زیاتر جدیترە. لەم نێوەدا ژمارەیەک بەندکراوی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران دا ڕادەگیرێن، کە هاوڵاتی ئێران نین و بنەماڵەکانیان لە ئێران ناژین کە وەدوای کارەکانیان کەون. ئەو کەسانە کەمتر لە بارەیانەوە هەواڵ بڵاو دەبێتەوە.

دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئیرانیش بەبیانووی ئەمنیەتی، جۆری ئەو سزایی ئەو بەندکراوانە و لە بەر ئەوەی شوێنی ژیانی بنەماڵەکانیان لە ئێران نییە، مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە زیندانیان پێنادات. لە لایەکی دیکە ئەو دەوڵەتانەی کە ئەو زیندانیانە هاوڵاتییانن هیچ بەرپرسیارییەک بۆ خاوەنداری لە مافەکانیان هەڵناگرن.

بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ئێستادا نزیکەی ٢٠ بەندکراوی سیاسیی کورد و سوننە مەزهەبی خەڵکی وڵاتانی عێراق، تورکیا و سووریا بە تۆمەتی سیاسی و باوەڕی لە زیندانەکانی ئورمیە و کاشمەر زیندانی کراون. زۆربەی ئەو کەسانە خەڵکی عێراقن و بەتۆمەتی هاوکارییکردن لەگەڵ گرووپە ئیسلامییەکان دەسگیر و زیندانی کراون. لەم نێوەدا ٥ بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی “کەماڵ حەسەن ڕەمەزان“، “عەلی ئەحمەد سڵێمان”،”سەردار ئۆزمووش“، “حاتەم ئۆزدەمیر” و ” شاکر باغی” بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پەژاک لە بەندیخانەدان کە لە بەر تۆمەتی ئەمنیەتی سزای قورسی زیندانیان بە سەردا سەپێندراوە و دوو کەسیشیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە.

– عەلی ئەحمەد سلێمان، هاوڵاتی عێراقە و خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٤ (ئۆکتۆبری ٢٠٠٥) دەستبەسەرکراوە و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ڕادەگیرێت. کاربەدەستانی ئێران سەرەتا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پێنج ساڵ و نیو سزایی زیندانیان بە سەردا سەپاند، بەڵام لە دوای تەواوبوونی سزاکە، گواسترایەوە بۆ زیندانی سپای پاسداران و جارێکی دیکە لێپرسینەوەی لێکرا و لە دوای ئەشکەنجە کردنی بە تۆمەتی کوشتنی دوو ئەندامی سپا جارێکی دیکە زیندانی کرایەوە. لە دوای ماوەیەک بنەماڵەی ئەو کوژراوانە حوکمی قەساس-یان بۆ “دییە” گۆڕی و ئێستا بڕێ لەو پارەیە داوایان کردووە، کۆکراوەتەوە کە ئەگەر سەرجەم پارەکە کۆبکرێتەوە ئەوا “عەلی ئەحمەد سڵێمان” لە زیندان ئازاد دەبێت.

– کەماڵ حەسەن ڕەمەزان هاوڵاتی سووریایە کە خەرمانانی ساڵی ١٣٩٣ (سێپتامبری ٢٠١٤) دەستبەسەرکراوە و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ڕادەگیرێت. سەرەتا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان سزای ٧ ساڵ زیندانی بە سەر کەماڵ حەسەن داسەپێندرا. بەڵام سێ ساڵ پێش ئێستا تۆمەتی کەسێک بە ناوی “کەماڵ سوور” لە بەر لێکچوونی ناوەکەی لەگەڵ کەماڵ بە سەریدا ساق کرایەوە و بە بێ ئامادەبووون لە دادگا دا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا. ساڵح نیکبەخت پارێزەری کەماڵ تانەی لەو سزایە داوە.

– سەردار ئۆزمووش هاوڵاتی تورکیایە کە سەرماوەرزی ساڵی ١٣٩٨ (نوامبری ٢٠١٩) دەستبەسەرکراوە و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ڕادەگیرێت. لە دادگایی بەراییدا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان دا سزای ١٥ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپێندراوە. شایانی باسە ئەم گیراوە سیاسییە ١٢ ساڵ پێش لە پارتی کرێکارانی کوردستان دابڕاوە و لە باشووری کوردستان دەژیا کە بە پاسپۆرتی رەسمی سەردانی ئێرانی کردووە و لەوێ گیرا.

– حاتەم ئۆزدەمیر هاوڵاتی تورکیایە و پووشپەری ساڵی ١٣٩٨ (تەمووزی ٢٠١٩) دەستبەسەرکراوە و ئێستا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان دا لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ڕادەگیرێت. شایانی باسە چەندین جار لە زیندانەکانی سپای پاسداران دا ئەشکەنجە کراوە.

– شاکر باغی هاوڵاتی تورکیایە کە پووشپەری ١٣٨٦ (تەمووزی ٢٠٠٧) دەستبەسەرکراوە. ئەو ئێستا لە زیندانی کاشمەر لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەویی لە زیندان دایە. شاکر باغی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ٣٠ ساڵ سزای زیندانی بە سەردا سەپێندراوە و بۆ بەندیخانەی کاشمەر دوورخراوەتەوە. شایانی باسە شاکر باغی چەندین جار لە زیندانەکانی سپای پاسداران لە سنە و کرماشان ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی کراوە.