بەگوێڕەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا “باسام مورادی“، هاوڵاتی کوردی خەڵکی کامێران لەلایەن دادگای شۆڕشی سنە و “سەردار ئوزموش“، هاوڵاتی خەڵکی باکووری کوردستان لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێوە بە ١٥ ساڵ بەندکران سزادراون.

سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “دانیشتنی دادگای باسام مورادی لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباردا / ٢٠٢٠.٠١ لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بەڕێوەچوو و لەو دادگایەدا بۆ تۆمەتی “ئەندامبوونی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” بە ٥ ساڵ بەندکران و بەتۆمەتی “سیخوڕی” بە ١٠ ساڵ بەندکران سزادرا”.

ئەو هاوڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ٩ی گوڵانی ئەمساڵدا /٢٠١٩.٠٤.٢٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و سەرەتاکانی مانگی گەلاوێژدا / ٢٠١٩.٠٧ لە چاوپێکەوتنێکی کورتدا لەگەڵ بنەماڵەکەی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە باسی فشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەری بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملیی کردبوو.

ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانی بۆ بەندیخانەی کامێران ڕەوانە کرابوو و لە ڕێکەوتی ١٤ی بەفرانباردا / ١.٠٤پاش دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرابوو.

هەروەها بەپێی ئەو ڕاپرتانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، سەردار ئوزموش لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێووە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “عەلی شەیخلو” بەتۆمەتی ئەندامبوونی “پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)” بە ١٥ ساڵ بەندکران سزادراوە. ئەو سزایە ئەمڕۆ بە فەرمی بە پارێزەری ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندراوە.

ئەو سزایە لەکاتێکدا دژ بە سەردار ئوزموش دەرکراوە، کە ئەو هاوڵاتییە کوردە نزیکەی ١٢ ساڵ پێش پاش چەند ساڵێک ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان جیابوبووەوە ٢ لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێ بوبوو. ناوبراو لەو ماوەیەدا پاسپۆرتی عێراقی درابوویە و بەشێووەی یاسایی سەردانی ئێرانی کردبوو.

سەردار ئوزموش ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەز / ٢٠١٩.١٢.١١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ورمێوە دەستبەسەرکرابوو و پاش ١٠ ڕۆژ لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ئەو شارەدا بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕەوانە کرابوو.