خالید زەمانی، هاووڵاتی کورد کە لە سەرەتای مانگی گوڵانی ئەمساڵەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ شاری کامێران دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمته‌ به‌ شێوه‌ی كاتی ئازاد کرا بەڵام باسام مورادی هاووڵاتی کورد و حوسێن کەمانگەر چالاکی کورد هەروا لە زیندانی کامێران دەستبەسەرن.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، خالید زەمانی بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کراوە.
باسام مۆرادی بە هۆی ئەوەیکە نەیتوانیوە بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی دابین بکات هەروا لە زینداندایە.

بە پێی زانیارییه‌كان، ئەو هاووڵاتییە کورد ناڕەزایەتی دەڕبڕیوە سەبارەت بە بڕی زۆری بارمتەکە بەڵام تا ئێستا لە دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیسلامی سنەوە وەڵامی پێ نەدراوەتەوە.
باسام مورادی لە رێکەوتی ٩ی گوڵانی ئەمساڵ/ ٢٠١٩.٠٤.٢٩ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانەوە دەستبەسەر کراوە.
هەروەها حوسێن کەمانگەر چالاکی کورد کە لە مانگی بەفرانباری ساڵی رابردووەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری کامیاران دەستبەسەر کراوە، چارەنوسی نادیارە.
ئەو چالاکە کوردە لە رێکەوتی ١٩ی گەلاوێژی ١٣٩٨ هەتاوی/ ٢٠١٩.٠٨.١٩ پاش شەش مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی کامێران گواسترایەوە.