تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، رۆژی ٢٠ی خەزەڵوەر/ ١١.١١ کەمال حەسەن رەمەزان بەندکراوی سیاسیی کورد کە بە سێدارە سزادراوە، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ گەڕێنراوەتەوە.

دەگوترێت، لە ماوەی گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا سەبارەت بە پرسە ناوخۆییەکانی بەندیخانەی ورمێوە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا نوسینگەی تایبەتی فەرمانگەی ئیتلاعات لە بەندیخانەی ورمێ، فەرمانگەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ زۆر جار بەندکراوانی سیاسییان بە مەبەستی کردنەوەی دۆسیەی نوێ بۆ دەستبەرگە ئەمنییەکان گواستۆتەوە.

هێزە ئەمنییەکان لە دەستبەسەرگەکاندا هەوڵیان داوە دۆسیەی نوێ بۆ ئەم بەندکراوە سیاسییانە بکەنەوە و هەروەها خستوویانە ژێر فشارەوە و هەڕەشەی دوورخستنەوەیان بۆ بەندیخانەکانی دیکە لێکردوون.

کەمال حەسەن رەمەزان لە رێکەوتی ١٦ی خەرمانان/ ٠٩.٠٧ جارێکی دیکە لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێوە بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندێکی ئەمنی گوازرابووەوە و لەلایەن مەئمورە ئەمنییەکانەوە لێی درابوو و رووبەرووی توندووتیژی ببویەوە. هێزە ئەمنییەکان هۆی گواستنەوەی ئەم بەندکراوە سیاسییەیان بەشداری لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتی راگەیاندبوو.

رۆژی ١٥ی خەرمانان/ ٠٩.٠٦، پشکنین و لەناوبردنی کەل و پەلی شەخسی بەندکراوان لەلایەن یەکەی تایبەتەوە، ناڕەزایی و مانگرتنی بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی بۆ ماوەی چەندین کاتژمێری لێکەوتبووەوە.

کەمال حەسەن رەمەزان مانگی گەلاوێژی ساڵی رابردوو/ ٢٠١٨.٠٨ لە ناکاو بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ گوازرایەوە کە ئەمەش مەترسی جێبەجێکردنی سزاکەی هێنابووە ئاراوە. ئەو کات رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا وێڕای دەربرینی نیگەرانی سەبارەت بە دۆخی ئەم بەندکراوە، داوای کردبوو دەستبەجێ سزای سێدارەکەی رابگیرێ.

ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتریش لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی/ ٢٠١٦.١٢ بۆ ماوەی هەشت رۆژ، لە رەشەمەی ساڵی  ١٣٩٥ی هەتاوی/ ٢٠١٧.٠٣ بۆ ماوەی ١٠ رۆژ، لە سەرماوەی ١٣٩٦ی هەتاوی/٢٠١٧.١٢ بۆ ماوەی حەوت رۆژ و لە گەلاوێژی ١٣٩٧/ ٢٠١٨.٠٨ بۆ ماوەی هەشت رۆژ بۆ دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران گوازرابووەوە. بە پێی زانیارییەکان ئەم فشارانە بۆ سەر ئەم بەندکراوە سیاسییە بە مەبەستی کردنەوەی دۆسییەی نوێ و وەرگرتنی وتە و دانپێدانانی ساختەوە بووە.

کەمال حەسەن رەمەزان تەمەنی ٣٣ ساڵە و خەڵکی سەرێکانی کوردستانی سوریا (رۆژئاوا) یە. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە شەشی خەرمانان ١٣٩٣ی هەتاوی/ ٢٠١٤.٠٨.٢٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا و پاش چوار مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.

لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی/ ٢٠١٥.٠٧ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشی ورمێوە بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)” بە ١٠ ساڵ بەندکران سزادرا. پاشان ئەم سزایە بە پێی یاسایەک بەناوی “رازی بوون بە بڕیاری دادگا” بۆ ماوەی حەوت ساڵ کەم کرایەوە.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا سەرەڕای ئەوەیکە سزاکەی یەکلایی ببووەوە شەش جار بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری ورمێ گوازراوەتەوە و بە تۆمەتی کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران لە هاوینی ساڵی ١٣٩٠ هەتاوی/ ٢٠١١، لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

کەماڵ حەسەن رەمەزان مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی/ ٢٠١٧.٠٥ لەلایەن بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانەی ورمێوە بانگ کرا و بە رەسمی سزای سێدارەی پێڕاگەیەنرا. ئەم سزایە پێشتر لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٠ی هەتاوی/ ٢٠١١.١١ لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشەوە بە غیابی بۆ کەسێک بە ناوی “کەمالە سور” دەرکرابوو، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعات ئەم سزایەی بەسەر کەمال حەسەن رەمەزاندا سەپاند و وەک تاوانبار ناساندی، لە کاتێکدا کە تەنیا پەیوەندی ئەم دوو کەسە لێکچوونی ناوەکانیان بووە.