بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لقی ٣ی دادگای شۆڕشی کرماشان سێ دەستبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر بەناوەکانی “خەلیل ئەسەدی بوژانی“، “سۆحبەت ئومێدی” و “مێهدی ئیبدالی”ی  لە دۆسیەکی هاوبەشدا بە ١٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران سزاداوە و دۆسییەی “مەحێدین ئەسغەری“ش نێردراوە بۆ دادگای سزادانی کرماشان.

بەپێی ئەو سزایانە، “خەلیل ئەسەدی بوژانی” بە تۆمەتی “پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵات” بە سێ ساڵ و نیو و بە تۆمەتی “ئەندامبوونی گروپە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی” بە ٣ ساڵ بەندکران سزادراوە، هەروەها مهدی ئیبدالی بە ساڵێک و سۆحبەت ئومێدیش بە تۆمەتی “ئەندامبوونی گروپە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی” بە ٥ ساڵ و بە تۆمەتی “پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵات” بە ٥ ساڵ بەندکران سزادراون کە لەو سزایانە تەنیا ٥ ساڵی جێبەجێ دەکرێت.

“موستەفا ئەحمەدیان”، پارێزەری خەلیل ئەسەدی بوژانی و مەحێدین ئەسغەری لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردەوە و گوتی: “ئەو تۆمەتانە بەهۆی بەشداربوون لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر و ناردنی هەواڵەکانی ئەو خۆپیشاندانانە بۆ کەسانی دیکە خراونەتە پاشل خەلیل ئەسەدی بوژانی. لەو سزایانەی بەسەریدا سەپێندراوە بەپێی مادەیاسای ١٣٤ یاسای سزادانی ئیسلامی تەنیا ٣ ساڵ و نیوی جێبەجێ دەکرێت”.

دانیشتنی دادگایی ئەو چوار چالاکوانە مەدەنییە کوردە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕێبەندان / ٠٢.١٠ لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەسەدی بەڕێووەچووبوو.

زیادیشی کرد: “سەبارەت بە مەحێدین ئەسغەریش، لەو ڕووەوە کە ڕاگرتنی یەک لە بریندارەکانی ئەو خۆپیشاندانانە پەیوەندیی بە تۆمەتی پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵاتەوە نییە و ئەوەش لە بازنەی کارەکانی دادگای شۆڕش دا نییە، دۆسییەکەی نێردراوە بۆ دادگای سزادانی کرماشان”.

ئەو پارێزەرە لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە بۆچی بەو خێڕاییە سزای ئەو هاوڵاتییانە دەرکراوە گوتی: “بەبۆچوونی من دەرکردنی سزای ئەم چەند دۆسییەیە بەم خێراییە جێگەی ڕەخنەیە، بەتایبەت چونکە داوامان کردبوو لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی دۆسییەکەوە ئەنجام بدرێت. بەهەر حاڵ ئێمە تانە لەو سزایانە دەدەین وداوای پێداچوونەوە بەسەریاندا دەکەین”.

سۆحبەت ئومێدی و مەحێدین ئەسغەری ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەر / ٢٠١٩.١١.١٦، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوون و برابوون بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان.

مەحێدین ئەسغەری بۆ ماوەی ٢٧ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و ٨ ڕۆژ لە بەندیخانەی دیزڵ ئابادی کرماشاندا ڕاگیرابوو و پاشان بە دانانی بارمتە ئازادکرابوو. سۆحبەت ئومێدیش ٣٧ ڕۆژ لە دەستبەسەرگە ٤ ڕۆژ لە بەندیخانەدا مابووە و دوایە بە دانانی بارمتە ئازادکرابوو، ناوبراو لەکاتی دەستبەسەرکرانیدا برینداربووە و لەو ماوەیەشدا هیچ چارەسەرییەکی پزشکی بۆ ئەنجام نەدراوە.

مێهدی ئیبدالی لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا لەکاتێکدا کرابووي ئامانجی تەقەی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەرکرابوو. ناوبراو بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و ١٣ ڕۆژ لە بەندیخانەی دیزڵ ئاباد دا ڕاگیگرابوو و دوایە بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرابوو.

خەلیل ئەسەدی بوژانی بەو هۆیەوە کە نەیتوانیوە بارمتەی ٢١٠ ملیۆن تمەنی دابین بکات هێشتا لە بەندیخانەی دیزڵ ئابد دا بەسەردەبات. ناوبراو ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەر / ٢٠١٩.١١.٢٠ لە ماڵەکەی لە گەڕەکی جافرئاوای کرماشان دەستبەسەرکرابوو و ڕۆژی ٢ی بەفرانبار / ٢٠١٩.١٢.٢٣ گواسترابووەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاباد.