تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا “مەحێدین ئەسغەری” و “سوحبەت ئومێدی” دوو چالاکوانی کولتوریی کورد بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکراون، هەروەها بۆ ئازادی کاتی “خەلیل ئەسەدی بوژانی“،  چالاکوانی مەدەنیی یارسان بارمتەی ٢١٠ ملیۆن تمەنی دیاریکراوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە بنەماڵەکەی نەیانتوانیوە ئەو بارمتەیە دابین بکەن بۆیە ئەو هێشتا لە بەندیخانەی کرماشان دەستبەسەرە.

محەێدین ئەسغەری و سوحبەت ئومێدی ڕۆژی ٨ی سەرماوەز / ١١.٢٩ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشانەوە دەستبەسەرکران. دەگوترێت کە سوحبەت ئومێدی لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بووە و لەگەڵ ئەوەشدا لەجیاتی بەڕێ بکرێت بۆ نەخۆشخانە براوە بۆ دەستبەسەرگە.

ئەو دوو چالاکوانە جارێک براونەتە لقی ٧ی لێپیچینەوەی دادگای گشتی و شۆڕشی کرماشان و پاش ئەوەی تۆمەتەکانیان پێڕاگەیەندراوە گەڕێندراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتیی سپا.

خەلیل ئەسەدی بوژانی، چالاکوانی مەدەنیی باوەڕمەند بە ئایینی یاری (یارسان) ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەر / ١١.٢٠ لە ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی جافرئاوای کرماشان دەستبەسەرکرابوو و پاشان گواسترابووەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە.

ئەو چالاکوانە مەدەنییە یارسانە لە ڕێکەوتی ٢ی بەفرانباردا / ١٢.٢٣ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە کە براوە بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئابادی کرماشان.