بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٢ی بەفرانبار / ١٢.٢٣، “خەلیل ئەسەدی بوژانی“، چالاکوانی مەدەنیی باوەڕمەند بە ئایینی یاری (یارسان) لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان گوازراوەتەوە. ئەو چالاکوانە مەدەنییە ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەر / ١١.٢٠ لە جافرئاوای کرماشان دەستبەسەرکرابوو.

سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بەو بابەتە دوا و گوتی: “ناوبرا ڕۆژی ڕابردوو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە بنەمەڵەکەیەوە کرد و ئاگاداری کردوونەتەوە کە لێکۆڵینەوەکانی کۆتاییان هاتووە، بەڵام هێشتا لە دەستبەسەرکرانی کاتیی دایە”.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی کرماشان زیاتر لە ١٠ چالاکوانی مەدەنی و کولتورییان دەستبەسەرکردووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ۶ لەو چالاکوانانە بە دانانی بارمتە ئازادکران، بەڵام “بابەک دەبیریان“، “خەلیل ئەسەدی بوژانی“، “سۆحبەت ئومێدی“، “محێدین ئەسغەری” و “هۆمایون عەباسی” هێشتا دەستبەسەرن.