بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “ئومێد کەرەمی”، هاوڵاتی کورد کە ڕۆژێک پاش خۆپیشاندانی دژ بە هێرشی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان لە سنە دەستبەسەرکرابوو و پاش ماویەەک بە دانانی بارمتە ئازادکرابوو، ڕۆژی ٣٠ی بەفرانبار /٠١.٢٠، لەلایەن دادگای سزادانی ٢ی ئەو شارەوە بە تۆمەتی “بشێویی ئاسایش و ئاژاوەگێڕان لە شەقامە گشتییەکاندا” بە ساڵێک بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچی سزادرا.

سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕ گوتی: “ئومێد کەرەمی ڕۆژی ٢٣ی ڕەزبەر / ٢٠١٩.١٠.١٥ ، ڕۆژێک پاش خۆپیشاندانی خەڵکی سنە دژ بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرکرا و بەڕێکرا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ناوبراو پاش ٢٥ ڕۆژ لێکۆڵینەوە بۆ بەندیخانەی سنە گواسترابووەوە”.

ئومێد کەرەم بۆ ٥ ڕۆژ لە بەندیخانەی سنە ڕاگیرا و لە ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەردا / ٢٠١٩.١١.١٥، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرا.

دانیشتنی دادگای ئەو هاوڵاتییە کوردە ڕۆژی ٣٠ی بەفرانبار / ٠١.٢٠ لە لقی ١٠٤ی دادگای سزادانی ٢ی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “عەلی ئومێدی” بەڕێووەچوو و بە تۆمەتی “بشێویی ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردنی خۆپیشاندانی نایاسایی و ئاژاوەگێڕان ەل شەقامە گشتییەکاندا” بە ساڵێک بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچی سزادرا.

پاش هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ورمێ، خۆی، مهاباد، پیرانشار، سەردەشت، بۆکان، سەقز، بانە، مەریوان، سنە، دێوولان، دیواندەرە، کرماشان، جوانڕۆ، پاوە، ڕوانسەر، ئیدال و ئەیوان گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێووەچوو.

لەمیانەی ئەو خۆپیشاندانەدا لانیکەم ٤٧ هاوڵاتی دەستبەسەرکران و ژمارەیەکیان بە بەندکران سزادران. لەوان دەکرێت ئاماژە بە “ڕەزا ئیسماعیلی” و “کەیوان زارع” لە ورمێ بدرێت کە هەر کامەیان بە ساڵێک بەندکران سزادرا. هەروەها “ژاکا ئیسماعیل پور“، “هومەن فەیزی“، “شاهۆ خزری” و “سمکۆ مەعروفی” لە بۆکان چوار دەستبەسەرکراوی دیکەی ئەو خۆپیشاندانە بوون کە بە نەدکران سزادران.