بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “سمکۆ مەعروفی“، چالاکوانی کولتوریی کوردی خەڵکی بۆکان بە تۆمەتی “بشێوی ئاسایشی گشتی” لە ڕێگەی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی دژ بە هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوا) بە دوو ساڵ بەندکران سزادرا.

دانیشتنی دادگاییکردنی ئەو چالاکوانە کوردە ڕۆژی ١٩ی سەرماوەز / ١٢.١٠ لە لقی ١٠١ی دادگای بۆکان بەڕێوەچووە و سزاکەشی پاش دوو ڕۆژ پێی ڕاگەیەندراوە.

هەروەها، دانیشتنی دادگاییکردنی چوار چالاکوانی مەدەنیی دیکە بەناوەکانی “ژاکا اسماعیل پور“، “شاهۆ خزری“، “هومەن فەیزی” و “جەعفەر (دارا) ئەمینی” وابڕیارە ڕۆژی ١ی بەفرانبار هەر بەو تۆمەتە لە لقی ١٠١ی دادگای بۆکان بەڕێوەبچێت.

ڕۆژی ٢٣ی ڕەزبەر / ٠١.١٥ لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندانی دژ بە هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچووبوو. سمکۆ مەعروفی، شاهۆ خزری، ژاکا ئیسماعیل پور، جەلال حەسەن زادە و هومەن فەیزی لەو خۆپیشاندانانەدا دەستبەسەرکرابوون.

جەلال حەسەن زادە ڕۆژێک پاش دەستبەسەرکرانی ئازادکرا، بەڵام ئەو چوار چالاکوانەی دیکە گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانیان بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی ئازادکران.

هەروەها “دارا ئەمینی”، کە پێشتر بە تۆمەتگەلی سیاسی لە بەندیخانەدا بووە، چەند ڕۆژێک پاش بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکانەوە بانگ کرابوو و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرابوو.