بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دانیشتنی دادگای سێ چالاکوانی مەدەنی کورد بە ناوەکانی “ژاکا ئیسماعیل پور“، “هومەن فەیزی” و “شاهۆ خزری” ڕۆژی ١ی بەفرانبار / ١٢.٢٢ لە لقی ١٠١ی دادگای بۆکان بەڕێوەچووە و بە تۆمەتی “بشێوی لەڕێگەی بەشداربوون لە خۆپیشاندانی نایاساییدا” بە بەندکران سزادراون.

بەپێی ئەو سزایانە کە ڕۆژی ٥ی بەفرانبار / ١٢.٢٦ بەم چالاکوانە کوردانە ڕاگەیەندراوە، ژاکا ئیسماعیل پور بە ٣ مانگ، هومەن فەیزی بە ٤ مانگ و شاهۆ خزری بە ساڵێک بەندکران سزادراون.

ئەم سێ چالاکوانە کوردە لەگەڵ “سمکۆ مەعروفی”، چالاکوانی مەدەنی رۆژی ٢٣ی رەزبەر/ ١٠.١٥ لە میانەی خۆپیشاندانی خەڵکی بۆکان دژ بە هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆسەر باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوا) دەستبەسەرکرابوون.

جێگەی ئاماژەیە کە “سمکۆ مەعروفی” پێشتر لە ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەزدا / ١١.٣٠ لەلایەن ئەو دادگایەوە بە تۆمەتی “بشێوی لەڕێگەی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی نایاسایی” بە ٢ ساڵ بەندکران سزادرابوو.

ژاکا ئیسماعیل پور، سمکۆ مەعروفی و هومەن فەیزی رۆژی شەشی خەزەڵوەر/ ١٠.٢٨ پاش کۆتایی هاتنی لێپرسینەوە لێيان، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ بەندیخانەی بۆکان گواسترانەو و پاش ١٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازادکران.