بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٥ی بەفرانبار / ٠١.١٥، سێ خوێندکاری زانکۆی کوردستان لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون. دەستبەسەرکرانی ئەو سێ خوێندەکارە لە کاتێکدا بووە کە لە ماوەی رۆژانی ڕابردوو خوێندکارانی زانکۆی کوردستان دژ بە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لەلایەن سپای پاسدارانەوە خۆپیشاندانیان ئەنجام دابوو.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە زانکۆی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ناسنامەی ئەو سێ خوێندکارەی بەم شێوەیە ئاشکراکرد: “زانیار ئەحمەدپور”، خوێندکاری بەشی ئابوری، “ئەرشەد ئەتابەک”، بەرپرسی ناوەندی “ئەهورا”ی زانکۆی کوردستان و خوێندکاری ماستەری بەشی ئەدەبیاتی عەرەب و “موسلیم سولەیمانی” خوێندکاری ماستەری ئەندازیاریی میکانیک.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ناوەندی بەرپرسی دەستبەسەرکردن و دۆخی ئەو خوێندکارانە لە بەر دەستدا نییە.

خوێندکارانی زانکۆی کوردستان ڕۆژەکانی ٢٣ و ٢٤ی بەفرانبار / ١٣ و ١٤ی مانگی ١، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لەلایەن سپای پاسدارانەوە خۆپیشاندانیان ئەنجام دابوو.

ڕۆژی ٢٢ی بەفرانبەریش / ٠١.١٢، هەر بەو مەبەستە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی لە زانکۆی ڕازیی کرماشان بەڕێوەچووبوو و لەمیانەیدا لانیکەم ٥ خوێندکار دەستبەسەرکرابوون.

ڕۆژی ڕابردوو “سیاوەش حەیاتی“، خوێندکاری ماستەری بەشی زانستە سیاسییەکان و گوتەبێژی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی چالاکوانانی مەدەنیی یارسان بە بڕیاری کەفالەت و “ئەشکان والی زادە”، “سەلاح غەریبی” و “پێژمان ئەمیری” پاش سێ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازادکران. بەڵام “نەبی تەردەست” تا ئێستا هەر دەستبەسەرە و هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی لە بەر دەستدا نییە.

بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی بەفرانبار / ٠١.٠٨، فڕۆکەی بوئینگی ٧٣٧ی کۆمپانیای ئۆکراین شەش خولەک پاش فڕینی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی خومەینیی تارانەوە لەلایەن سپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج و خرایە خوارەوە. لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا ١٦٩ سەرنشین و ٩ کارمەندی فڕۆکەکە گیانیان لە دەست دا.