بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٢ی بەفرانبار / ٠١.١٢، لە میانەی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی ڕازیی کرماشان بۆ دەربڕنی ناڕەزایی بەرامبەر خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئوکراینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە لانیکەم چوار خوێندکار دەستبەسەرکراون، یەکیان چەند کاتژمێرێک دواتر ئازاد کراوە بەڵام ئەوانی دیکە هەر وا دەستبەسەرن.

سیاوەش حەیاتی“، تەمەن ٦١  ساڵ، خوێندکاری ماستەری بەشی زانستە سیاسییەکان و گوتەبێژی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی چالاکوانانی مەدەنی یارسان، “سەلاح غەریبی”، خوێندکاری بەشی ڤێرتینەیری و “نەبی تەردەست”، خوێندکاری ماستەری بەشی کۆمەڵناسی ئەو خوێندکارانەن کە تاوەکو ئێشتا دەستبەسەرن.

ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی چالاکوانانی مەدەنیی یارسان ئەمڕۆ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک هەواڵی دەستبەسەرکرانی سیاوەش حەیاتیی پشتڕاست کردەوە و ئاشکرای کرد کە ئەندامانی بنەماڵەکەی توانیویانە لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاسایشی کرماشاندا چاویان پێی بکەوێت. لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە سیاوەش حەیاتی لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا لێیدراوە و ئاسەواری لێدان و توندوتیژی بەسەر جەستەیەوە دیاربووە.

هەروەها دەگوترێت ئەو چالاکوانە مەدەنییە یارسانە لە ڕۆژی ڕابردووەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە دەستبەسەرکرانی دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

“نەبی تەردەست”، پێشتر لەمیانەی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی مانگی بەفرانابری ساڵی ٩٦ / سەرەتەکانی ٢٠١٨ دەستبەسەرکرابوو و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازادکرابوو.