بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ ٢٥ی بەفرانبار / ٠١.١٥، چوار خوێندکاری زانکۆی ڕازیی کرماشان کە لە خۆپیشاندانی ڕۆژی ٢٢ی بەفرانبار / ٠١.١٢ دژ بە خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی دەستبەسەرکرابوون بە دانانی بارمتە و بڕیاری کەفالەت ئازادکران، هەروەها سەبارەت بە چارەنووسی خوێندکارێکی دیکە بە ناوی نەبی تەردەست کە هاوکات لەگەڵ ئەوان دەستبەسەرکرابوو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی بە تۆڕ گەیشتوون، “سیاوەش حەیاتی“، خوێندکاری ماستەری بەشی زانستە سیاسییەکان و گوتەبێژی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی چالاکوانانی مەدەنیی یارسان بە بڕیاری کەفالەت و “ئەشکان والی زادە”، “سەلاح غەریبی” و “پێژمان ئەمیری” پاش سێ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.

سەرچاوەیەکی نزیک بە سیاوەش حەیاتی سەبارەت بە دۆخی ئەو چالاکوانە مەدەنییە لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا لێدوانی بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دا و گوتی: “ناوبراو پاش دەستبەسەرکرانی ڕەوانەی دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاسایش کرابوو، پاشان بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و سەرەنجام بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاوا گواسترابووەوە. ئەو چالاکوانە مەدەنییە یارسانە لەو ماوەیەدا بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە دەستبەسەرکانی دەستی دابووە مانگرتنی وشک”.

ڕۆژی ٢٣ی بەفرانبار / ٠١.١٣، ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی چالاکوانانی مەدەنیی یارسان بەبڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک دەستبەسەرکرانی سیاوەش حەیاتیی شەرمەزارکردبوو و ئاشکرای کردبوو کە هێزە ئەمنییەکان لەکاتی دەستبەسەرکرانیدا لێیان داوە و بێڕێزییان پێکردووە.

سیاوەش حەیاتی لە کاتی ئازاد کران لە بەندیخانەی دێزڵ ئاوایی کرماشان