بەگوێڕەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٢ی بەفرانبار / ٠١.١٢، سەدان هاوڵاتی کورد لە سنە و کرماشان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە کەوتنە خوارەوەی فرۆکە ئوکراینییەکە لەلایەن سپای پاسدارانەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی بە تۆڕ گەیشتوون، هێزە ئەمنیەکان و گاردە تایبەتەکانی پۆلیس بەمەبەستی ڕێگریکردن لە خۆپیشاندانەکان لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە لە دەوروبەری زانکۆی ڕازی و مەیدانی ئازادی (گەراج)ی کرماشان و مەیدانی ئازادی (ئیقبال)ی سنە جێگربوبوون.

سەرچاوەیەک لە کرماشانەوە لەلێدوانێکدا بۆ تۆڕ گوتی کە سەرەڕای جێگرکردنی ژمارەیەکی بەرفراوانی هێزی ئەمنی و سەربازی لە ناو شارو بەتایبەتی لە مەیدانی ئازادی، ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان کاتژمر ٥ی ئێوارە لەو مەیدانە گردبوونەوە و دروشمیان گوتەوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و بە لێدانی باتوم و گازی فرمێسکڕێژ هەوڵیان داوە بڵاوە بە خۆپیشاندانەکە بکەن، هاوڵاتیانیش بە گوتنەوەی دروشمی “نەمان بۆ دیکتاتۆر” و “بێ شەرەف” وەڵامیان داونەتەوە.

https://www.facebook.com/KurdistanHRN/videos/758564457960965/?t=0

هاوکات نیوەڕۆ و ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی ڕازی کرماشان هەستان بە بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان،هەروەها یەک لە خوێندکارەکانی ئەو زانکۆیە لێدوانی بۆ تۆڕ دا و گوتی: “کاتی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە ژمارەیەک هێزی ئەمنی ڕژانە ناو زانکۆوە و دەستیان کرد بە لێدان و دەستبەسەرکردنی سێیان لە خوێندکارەکان، پاشان دەرگای زانکۆیان لەسەر خوێندکارەکان داخست”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، یەک لە خوێندکارە دەستبەسەرکراوەکان پاش چەند کاتژمێرێک ئازادکرا، بەڵام دووانەکەی دیکە هێشتا دەستبەسەرن. دەگوترێت “سیاوەش حەیاتی”، خوێندکاری بەشی زانستی سیاسی و گوتەبێژی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی چالاکوانانی مەدەنیی یارسان یەک لە دەستبەسەرکراوەکان بووە.

سیاوەش حەیاتی

هەروەها بەگوێڕەی ئەو هەواڵانەی لە سنەوە بە تۆڕ گەیشتوون، ئێوارەی ئەمڕۆ سەدان هاوڵاتی لە مەیدانی ئازادی ڕژانە سەر شەقامەکان و بە گوتنەوەی دروشمی “نان، کار، ئازادی، حکومەتی ئەنجومەنی” و “نەمان بۆ دیکتاتۆر” خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ئەو گردبوونەوەیەش و پەلاماری هاوڵاتیانیان داوە. خۆپیشاندەرانیش لە وەڵامدا ئەو هێزانەیان بە “بێ شەرەف” بانگ کردووە.