بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “هۆمایون عەباسی“، سەرنووسەری گۆڤاری ژیلوان کە لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز / ١٢.١٧ەوە لە تاران دەستبەسەرکرابوو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە کرماشان گوازراوەتەوە.

دەگوترێت کە ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشانەوە دەستبەسەرکراوە و بەمەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەو ناوەندە ئەمنییە گوازراوەتوە.

هۆمایون عەباسی تا ئێستا ڕێگەی پێنەدراوە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت یان پەیوەندیی تەلەفۆنییان پێوەبکات، هەروەها هۆکاری دەستبەسەرکرانەکەشی نەزانراوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژماەیەک لە چالاکوانانی کولتوری و نووسەرانی بواری زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە شارەکانی کرماشان و شاباد دەستبەسەرکرابوون و ڕۆژی ١ی بەفرانبار / ١٢.٢٢ بە دانانی بارمتە ئازادکران.

گۆڤاری ژیلوان لە پێنج ساڵ پێشەوە بە زمانەی کوردی و فارسی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تارانی پایتەختی ئێران بڵاودەکرێتەوە.