بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئاکۆ جەلیلیان، سۆهراب مورادی، داریوش مورادی، ئەحمەد بەساتی، فواد موزەفەری و فەرزاد سەفەرە گۆڕاوە بە بڕیاری بارمتە، ژمرەیەک لەو چالاکوانانە ئازادکراون و ئەوانی دیکەش کاروبارەیان ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی ئازادبکرێن.

مستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری ئەو لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەیەک لە بریگرتەکانی ئەمڕۆ ئازادکراون و ئەوانی دیکەش پاشنیوەڕۆ ئازاددەکرێن و گوتی: “دادگا تۆمەتی وەک بانگەشەی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامبوونی ئەو گروپانەی مەبەستیان تێکدانی ئاسایشی گشتییە خستووەتە پاڵ بریگرتەکانم، ئەوە لە کاتێکدایە کە بریگرتەکانی من چالاکوانی کولتورین و زۆربەیان کتێب و وتاریان سەربارەت بە زمان و ئەدەبیات کوردی نووسیوە”.

کاوە کرماشانی، گوتەبێژی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بەم بابەتەوە دەڵێت: “حکومەتی ئێران هەمیشە چالاکییە کولتورییە سەربەخۆکان لە کوردستانی وەک هەڕەشەیەک بۆسەر خۆی بینیوە. حکومەت لەو نێوانەدا بە شێوەیەکی هەستیارانەتر نزیکی کرماشان  دەبێتەوە کە دەیان ساڵە پرۆسەی تواندنەوەی کولتوریی تێدا بەڕێوەدەچێت، هەڵسوکەوتی حکومەت بەڕامبەر بە چالاکوانە کولتورییەکان لە کرماشان بەراورد بە شارەکانی دیکەی کوردستان توندوتیژترە”.

هێزە ئەمنییەکانی سەربە ئیتلاعاتی سپای پاسداران شەممەی هەفتەی ڕابردوو سۆهراب مورادی، داریوش مورادی و ئەحمەد بەساتییان لە ماڵەکانی خۆیان لە شاری شابادی کرماشان دەستبەسەرکرد. ئاکۆ جەلیلیان ڕۆژێک پاش ئەوان لە ڕێکەوتی ٢٤ی سەرماوەز / ١٢.١٥ لە کرماشان دەستبەسەرکرا. دوابەدوای ئەوە فواد موزەفەری و فەرزاد سەفەرەش ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی سەرماوەز / ١٢.١٩ دەستبەسەرکرا.

ئانیسا جەعفەری مهر، ئەندامی ئەنجومەنی نووسەرانی گۆڤاری ئەدەبیی “ژ” ڕۆژی شیشەممە ٢٧ی سەرماوەز لە شاباد دەستبەسەرکرابوو و پاش ئەوەی چەند کاتژمێرێکی لێکۆڵینەوە لەگەڵ کرابوو ئازادکرابکوو.

فەرزاد سەفەرە، شاعر و فواد موزەفەری، نووسەر پێشتر لە مانگی خەرمانانی ١٣٩٦ / ٢٠١٧.٠٩ بەهۆی ڕێکخستنی خۆپیشاندانی دژ بە کوشتاری کۆڵبەران لە شاری کرماشان دەستبەسەرکرابوو و پاش ١٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازادکرابوون.

ئاکۆ جەلیلیان، یەک لە دیارترین کەسایەتییەکان لە بواری زمان و ئەدەبیاتی کوردیدایە، پێشتر لە ساڵی ١٣٨٧دا بەهۆی گەشتەکانی بۆ هەرێمی کوردستان دەستبەسەرکرابوو و بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی دەوڵەتی دوژمن” بە ١٥ مانگ بەندکران سزادرابوو