بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٣ی سەرماوەز / ١٢.١٤، هێزە ئەمنییەکانی لەسەر بڕیاری داواکاری گشتیی شاباد هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سێ چالاکوانی کولتوری بەناوەکانی “سۆهراب مورادی”، “داریوش مورادی” و “ئەحمەد بەساتی” و پاش پشکنینی ماڵەکانیان دەستبەسەریان کردوون.

سۆهراب و داریوش موردای دووان لە نووسەرانی ماڵپەڕی کولتوری و ئەدەبیی “هەسارە“ن. هەروەها ئەحمەد بەساتی شاعرێکی کوردی دانیشتووی شابادە و تا ئێستا چەندین کتێبی شعری بڵاوکردووەتەوە.

هێزە ئەمنییەکان “بەڕێوەبردنی گردبوونەوەی ناڕەزایی دژ بە هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوا)”یان وەک هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو هاوڵاتیانە ڕاگەیاندووە.

جێگەی ئاماژەیە کە پاش هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان لە مانگی ڕەزبەردا / ٢٠١٩.١٠ لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەاتی کوردستان لەناویاندا شاباد گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوەچووبوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ناوی ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانی ئەو خۆپیشاندانانەی ئاشکراکردبوو.

خۆپیشاندانی خەڵکی شاباد بۆ پشتگیریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان