تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە شەوی ڕابردوو ٢٤ی سەرماوەز / ١٢.١٥، هێزە ئەمنییەکان لە کرماشان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “عەباس جەلیلیان” ناسراو بە “ئاکۆ”، نووسەری کورد و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەستبەسەرداگرتنی هەندێک کەلوپەلی، دەستبەسەریان کردووە و بردوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو سێ چالاکوانی کولتوریی کورد بەناوەکانی سۆهراب مورادی، داریوش مورادی و ئەحمەد بەساتی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شابادەوە دەستبەسەرکرابوون.

ئاکۆ جەلیلیان، نووسەر و توێژەری کوردی خەڵکی شابادە و تا ئێستا چەندین کتێب سەبارەت بە زمان و ئەدەبیاتی کوردیی لەوان ئاگرمەلوچ، قاموسی کوردیکا و فەرهەندگی کوردی فارسیی باشور بڵاوکردووەتەوە.

ناوبراو پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ١٣٨٧ / ٢٠٠٩.٠١.١٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و پاش دوو مانگ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازادکرابوو.

ئەو نووسەرە کوردە لە مانگی خاکەلێووەی ١٣٨٨ / ٢٠٠٩.٠٤ لەلایەن دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی وڵاتانی دەرەوە” بە ١٥ مانگ بەندکران سزادرابوو و پاش پشڕاستکردنەوە سزاکەی لە دادگایی پێداچوونەوە ڕەوانەی بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان کرابوو.

ئاکۆ جەلیلیان ل مانگی خەزەڵوەری ١٣٨٩ / ٢٠١٠.١٠ لەلاکتێکدا مافی چوونەدەرەوە لە بەندیخانە و ئازادیی بەمەرجی لێ زەوتکرابوو، ئازادکرا.