“ئارمان غەفوری“، چالاکوانی ژینگەپارێزی کورد، ئەمڕۆ ٢١ی سەرماوەز / ١٢.١٢ بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی مەریوان کراوە. هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو “جەلیل محەمەدی“، چالاکوانی کرێکاریی خەڵکی سنە و “سەید ڕەزا ئەحمەدی“، هاوڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە دانانی بارمتە ئازادکراون.
سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو سەبارەت بەو بابەتە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دوا و گوتی: “ئارمان غەفوری ئەمڕۆ لەلایەن نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی مەریوانەوە بانگ کرا و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای ١ ساڵ بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی مەریوان کرا”.
ئارمان غەفوری ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ١٣٩٧ / ٢٠١٨.٠٧.٢٤ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرابوو و پاش سێ مانگ لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی سنەی ئەو ناوەندە ئەمنییەوە بۆ بەندیخانەی مەریوان گوازرابووەوە.
دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوان لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٧ / ٢٠١٩.٠٢ ئەو ژینگەپارێزە کوردەی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە ٦ ساڵ بەندکران سزادا. ئەو سزایە سەرەنجام لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە دادگای پێداچوونەوەی سنەدا بە ساڵێک بەندکران کەم کرایەوە و بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.
هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە جەلیل محەمەدی، چالاکوانی کرێکاری و و یەک لە ئەندامانی کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٠ی سەرماوەز / ١٢.١١ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکراوە. ناوبراو ڕۆژی ١٢ی سەرماوەز / ١٢.٠٣ لە شوێنی کارەکەی لە سنە دەستبەسەرکرابوو.
بەگوێرەی هەواڵێکی دیکە، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی سەرماوەز / ١٢.٠٩، سەید ڕەزا ئەحمەدی، هاوڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن لە بەندیخانی نەغەدە ئازادکراوە.
ئەو هاوڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژ / ٠٨.١٠ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە دەستبەسەرکرابوو و پاشان بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە ورمێ بەڕێکرابوو. ناوبراو ڕۆژی ٢٨ی ڕەزبەر / ١٠.٢٠ پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانی لەو دەستبەسەرگەیەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازرابووەوە.