بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی سەرماوەز / ١٢.٠٤، “جەلیل محەمەدی”، چالاکوانی کرێکاری و یەک لە ئەندامانی کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە شوێنی کارەکەی لە شاری سنە دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارەک سەبارەت بە ناونیشانی دەستبەسەرگەکەی لە بەردەستدا نییە. ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بەهۆی چالاکییە کرێکارییەکانییەوە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بانگ و دەستبەسەرکراوە.

دوابەدوای خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی هاوڵاتییان لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ناوەندە ئەمنییەکان دەستیان کردووە بە بانگکردن و دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکوانانە کوردانەی پێشتر بەندکراوی سیاسی بوون. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە زیاتر لە ١٠٠ چالاکوانی مەدەنی و سیاسی لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئەو ناوەندانەوە بانگ و دەستبەسەرکراون.

هەروەها تاوەکو ئێستا ناسنامەی ١٢٨ هاوڵاتی کورد کە لە میانەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دووانەدا لە پارێزگەکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستبەسەرکراون لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە تۆمارکراوە.