بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سزای ٦ ساڵ بەندکرانی “ئارمان غەفوری“، چالاکوانی ژینگەپارێزی کورد کە لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا / ٢٠١٩.٠٢ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی مەریوانەوە دەرکرابوو، لە دادگای پێداچوونەوەی سنە بۆ ساڵێک بەندکران کەم کرایەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە ئەو سزایە لە رۆژانی ڕابردوودا بە پارێزەرەکەی ئارمان غەفوری ڕاگەیەندراوە و وا وبڕیارە کە ئەو چالاکوانە ژینگەپارێزە لە ڕۆژانی داهاتوودا بچێتە نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانەی مەریوان.

ناوبراو ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ٩٧ / ٢٠١٨.٠٧.٢٤ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای مەریوانەوە دەستبەسەرکرابوو و پاش سێ مانگ لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە سنە بۆ بەندیخانەی مەریوان بەڕێکرابوو.

پاش دەستبەسەرکرانی ئارمان غەفوری، بۆ ماوەیەکی درێژ هیچ هەواڵێک سەبارەت بە چارەنوسی لەبەردەستدا نەبوو، هەر ئەمەش وایکردبوو نیگەرانییەکان سەبارەت گیان لەدەستدانی لەژێر ئەشکەنجەدا پەرەبستێنێت.

ئەو چالاکوانە ژینگەپارێزە هەورەها لە مانگی ڕەشەمەی ١٣٩٦ / ٢٠١٨.٠٣ پاش بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانی دژ بە هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان دەستبەسەرکرابوو و پاش دوو ڕۆژ ئازادکرابوو.

ناوبراو بەهۆی ئەو دۆسییەشەوە لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای مەریوانەوە بەتۆمەتی “بشێوی ئاسایشی گشتی” بە ٦ مانگ بەندکران و لێدانی ٢٠ قامچی سزادرابوو.