ئەمیر محەممەدخانی رۆژی یەکشەمە ١٤ی رەزبەر/ 10.06 و فاروق خانی رۆژێک دواتر بە دانانی بارمتە لە دەستبەسەرگەی شەهرام فەری ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنە ئازاد کران و سەدیق سەیفی هێشتا دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمیر محەممەدخانی بە دانانی بارمتەی ٨٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کراوە.

ئەمیر محەممەدخانی و فاروق خانی خەڵکی دیواندەرە، لە بەرواری ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵ/ 2019.09.12 لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان” دەستبەسەرکران.

ئەمیرمحەمەدخانی مانگی سەرماوەزی ساڵی رابردوو/ 2019.12 لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کرابوو و هەڕەشەی لێکرابوو. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی سێ مانگ بەندکرابوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، هاوکات سەدیق سەیفی، کرێکاری نانەواخانە و خەڵکی دیواندەرە کە لە رۆژی ١٧ی خەرمانان/ 2018.09.08 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، هێشتا لە دەستبەسەرگەی شەهرام فەری ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنە دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

بە پێی زانیارییەکان، ئەم هاوڵاتییە کوردە لە ماوەی دوو مانگ دەستبەسەرکرانیدا تەنیا یەک جار توانیویەتی چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.

سەرەڕای بەدواداچوونەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە زانیاری ورد سەبارەت بە هۆكاری دەستبەسەرکردنی سەدیق سەیفی لەبەردەستدا نییە.