کرێکارێکی نانەواخانه‌ بە ناوی سەدیق سەیفی رۆژی ۱۷ی گەلاوێژ/ 08.08.2019 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری دیواندەرە دەستبەسەر دەکرێت و بۆ شوێنێکی نادیار دەگواسترێتەوە.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کاتژمێر پێنجی سەرلەبەیانی ئەو رۆژە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر نانه‌واخانه‌ی شوێنی کار کردنی سەدیق سەیفی لە شاری دیواندەرە و هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنی، گواستویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
دەگوترێ دوای دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ ماڵەکەیان پشکنیوە.
بە پێی دوایین هەواڵەکان، دە رۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی سەدیق سەیفی دا تێدەپەرێ و تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنوسی لەبەردەستدا نییە.