حەوت بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندی گەنجانی بەندیخانەی ورمێ بەناوەکانی “کەیوان ڕەشۆزادە“، “کامران قاسمی“، “کامران دەروێشی“، “ئومێد سەعیدی“، “سیامەک ئەشرەفی“، “ڕەزا ئیسماعیلی” و “کەیوان زارع“، ڕۆژی ڕابردوو ١٥ی ڕەشەمە / ٠٣.٢٥ پاش گەڕاندنەوەی سێیان لەو بەندکراوانە لە قەرەنتینەوە بۆ ناو بەندی گەنجان کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا. هاوکات مانگرتنی سێ بەندکراوی دیکە لە بەندیخانەی ورمێ، خۆی و ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانەی ژنان)ی سنە بەردەوامە.

سەرچاوەیەک لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “نیوەڕۆی ڕۆژی ڕابردوو کەیوان ڕەشۆزادە، کامران قاسمی و کامران دەروێشی کە لە ڕۆژی ٤ی ڕەشەمەوە لەسەر فەرمانی ئەمیر سۆهرابی، بەڕێوبەری بەندیخانەی ورمێ بۆ ژووری تەکەکسیی قەرەنتینەی بەندی گەنجان گواسترابوونەوە گەڕێندرانەوە بۆ ناو بەند و دوابەدوا ئەو هەر حەوت بەندکراوەکە کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا”.

ئەو حەوت بەندکراوە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمە / ٠٢.٢٢، بەو داواکارییەوە کە ژوورێکی تایبەتیان لە بەندی گەنجاندا بۆ تەرخان بکرێت دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردبوو.

ڕۆژێک پاش مانگرتنەکە بەهۆی هاندانی بەندکراوەکانی دیکە لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەکەوە  شەڕ و تێکهەڵچوونێک لەنێوان بەندکراوە ئاساییەکان و ئەو حەوت بەندکراوە سیاسییە ڕوویداوبوو و دوابەدوای ئەو کەیوان ڕەشۆزادە، کامران قاسمی و کامران دەروێشی بە دەست و قاچی بەستراوەوە بۆ ژووری تاکەکەسی قەرەنتنیە ئەو بەندە گواسترابوونەوە.

دەگوترێت لەو ماوەیەدا چەندین جار ئەو بەندکراوانە بەهۆی دابەزینی کێشی جەستە و پلەی پاڵوپەستێی خوێن بۆ بەشی تەندروستی بەندیخانەکە براون.

هاوکات، مانگرتنی “ئیرەج سۆفی محەمەد“، لە بەندی بەندکراوە سیاسییەکانی بەندیخانەی ورمێ، “موستەفا سەبزی“، لە بەندیخانەی خۆی و “پەروین ئەدوایی” لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانەی ژنان)ی سنە بەردەوامیی هەیە.