لە ئێستادا ١١ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبیی کورد بەناوەکانی “ڕەزا ئیسماعیلی“، “کەیوان زارع“، “ئومێد سەعیدی“، “سیامەک ئەشرەفی“، “کەیوان ڕەشۆزادە“، “کامران دەروێشی” و “ئیرەج سۆفی محەمەد” لە بەندیخانەی ورمێ، “موستەفا سەبزی” لە بەندیخانەی خۆی و “پەروین ئەدوایی” و “فەریدە وەیسی” لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانەی ژنان)ی سنەدا مانیان لە خواردن گرتووە. لەو نێوانەدا ڕەوشی تەندروستیی “کەیوان ڕەشۆزادە”، “کامران قاسمی” و “کامران دەروێشی” لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا زۆر ناجێگێر ڕاگەیەندراوە.

چەندین سەرچاوەی نزیک بە بنەماڵەی ئەو ١١ بەندکراوە لە لێدواندا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان باس لە بەردەوامبوونی مانگرتنیان لە خواردن دەکەن.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی بە تۆڕ گەیشتوون، لەنێوان ئەو حەوت بەندکراوە سیاسییە کە لە بەندی گەنجانی بەندیخانەی ورمێدا مانیان لە خواردن گرتووە، کەیوان ڕەشۆزادە، کامران قاسمی و کامران دەروێشی لە ڕۆژی ٤ی ڕەشەمەوە / ٠٢.٢٣ لەسەر فەرمانی “ئەمیر سۆهرابی”، بەڕێوبەری بەندیخانەکە بۆ ژووری تاکەکەسیی لەناو قەرەنتینە بەڕێکراون.

ئەو بەندکراوانە لە کاتێکدا لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا بەندکراون کە دەست و قاچیان بەستراوەتەوە، بەتانی و کەرەستەی گەرمکەرەوەیان لا نییە و پاسەوانەکانی بەندیخانەکەش بەردەوام دەچنە ژوورەکانیان و سووکایەتی و بێڕێزییان پێدەکەن، هەروەها تەنانەت چاشیان نادەنێ.

ئەو سێ بەندکراوە تاوەکو ئێستا لانیکەم جارێک لەسەر فەرمان و بەئامادەبوونی ئەمیر سۆهرابی لەلایەن پاسەوانەکانی بەندیخانەکەوە پەلامار دراون و لێیان دراوە.

هەروەها ئیرەج سۆفی محەمەد، بەندکراوی مەزهەبی لە ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمەوە / ٠٣.١٠  وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر بە بەردەوامبوونی ناروونبوونی ڕەوشی دۆسییەکەی دەستی داوەتە مانگرتن لە خوارد و تا ئێستا لە مانگرتندایە.

موستەفا سەبزی، بەندکراوێکی دیکەی کورد لە بەندیخانەی خۆیدا لە ڕۆژی ١٢ی ڕەشەمەوە / ٠٣.٠٢، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەوەی بۆ بەندیخانەی ماکۆ، شاری نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی ناگواسترێتەوە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

هاوکات پەروین ئەدوایی و فەریدە وەیسی لە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەشەمەوە / ٠٣.٠٩ لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانەی ژنان)ی سنەدا مانیان لە خواردن گرتووە.

وابڕیاربوو فەریدە وەیسی پاش کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکانی و گوستنەوەی بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە بە دانانی بارمتە ئازادبکرێت، بەڵام ئەمە ڕووینەداوە، ئەویش وەک ناڕەزاییەک مانی لە خواردن گرتووە.

پەروین ئەدوایی، بەندکراوێکی دیکەی کوردیش وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر بە ڕەتبوونەوەی داواکارییەکەی بۆ پێدانی مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانە مانی لە خواردن گرتووە. ئەوە لەکاتێکدایە کە بەپێی بڕیارنامەی نوێ دەزگای داد ئەو بەندکراوانەی ماوەی سزاکەیان کەمترە لە ٥ ساڵ مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەیان دەدرێتێ. لەلایەکی دیکەوە پەروین ئەدوایی بەهۆی نەشتەرگەرییەک کە پێش چوون بۆ بەندیخانەی بۆی ئەنجامدراوە، لە ئێستادا پێوویستیی بە چاودێریی تایبەتی پزشکییە.