بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٩ی ڕێبەندان / ٠٢.١٨، “خەلیل ئەسەدی بوژانی“، چالاکوانی مەدەنی و یەک لە دەستبەسەرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر لە کرماشان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی دیزڵ ئاباد ئازادکراوە.
ئەو چالاکوانە مەدەنییە ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەر / ٢٠١٩.١١.٢٠ لە ماڵەکەی لە گەڕەکی جافرئاوای کرماشان دەستبەسەرکرابوو و ڕۆژی ٢ی بەفرانبار / ٢٠١٩.١٢.٢٣ گواسترابووەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاباد.
سەرچاوەیەکی نزیک بەو چالاکوانە مەدەنییە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “خەلیل ئەسەدی بوژانی لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا بە سەختی ئەشکەنجە دراوە و لەو ماوەیە کێشی جەستەی ١٥ کیلۆ دابەزیوە”.
دانیشتنی دادگاییکردنی خەلیل ئەسەدی بوژانی لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕێبەندان / ٠٢.١٠، لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتیی “دادوەر ئەسەدی” بەڕێووەچوو و بە تۆمەتی “پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵات” بە ٣ ساڵ و بە تۆمەتی “ئەندامبوونی گروپە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی” بە ٣ ساڵ بەندکران سزادرابوو. بەپێی مادەیاسای ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی ٣ ساڵ و نیوی ئەو سزایە جێبەجێ دەکرێت.
“مستەفا ئەحمەدیان”، پارێزەری خەلیل ئەسەدی بوژانی پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتبووی دادگای شۆڕشی کرماشان “ئامادەبوون لە خۆپیشاندانەکان و بڵاوکردنەوە و ناردنی هەواڵەکانی ئەو خۆپیشاندانانەی” بە هۆکاری هەڵبەستەنی تۆمەتەکانی ناوزەدکردووە.