تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ئەمڕۆ ٢٨ی ڕێبەندان / ٠٢.١٧، “شاهێد ئەداک”، یەک لەو ٨ کۆڵبەرەی کە ڕۆژی ڕابردوو لە ئەنجامی هێزەکانی پاسەوانیی سنووری نەوسوود برینداربوبوون، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری کرماشان گیانی لە دەست داوە.

شاهێد ئەداک، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی “ژیوار”ی سەربە سەوڵئاوا بووە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراون، شاهد ئەداک شەوی ڕابردوو لە ناوەندی تەندروستیی نەوسوودەوە بۆ نەخۆشخابەیەکی شاری پاوە و سەرلەبەیانی ئەمڕۆش لەوێوە بەرەو نەخۆشخانەیەک لە کرماشان بەڕێکرابوو.

ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو پۆلێک کۆڵبەر لە کاتێکدا باریان پێ نەبوو لە بەرزاییە سنوورییەکانی :کەلەسۆنی” کەوتنە بۆسەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری نەوسوودەوە. ئەو کۆڵبەرانە لەلایەن هێزەکانی پاسەوانیی سنوورەوە درانە بەر دەستڕێژیی گولـلە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بەوناوی “ئەحمەد سەحرایی” گیانی لە دەستدابوو و ٨ کۆڵبەری دیکە بەناوەکانی عەزیم ئەمین زادە”، جەبار محەمەدی”، “زاهد نووری”، “جەلال نووری”، “شاهێد ئەداک”، “شادمان سەیدی”، “ڕەسول هوشی”، “تەها سەلمانی” برینداربوبوون.