تەنیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود، مەریوان و پیرانشار کۆڵبەرێک کوژراوە و ١٠ کۆڵبەری دیکە برینداربوون، هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆڵبەرێکی خەڵکی ماکۆ بەهۆی دەستڕێژیی گولـلەی ئەم هێزانە لە سنوورەکانی شاری ماکۆ برینداربووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەوسوود لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو سەدان کۆڵبەر لەکاتێکدا هێشتا باریان پێ نەبوو و بەرەو ناوچەی سنووریی “کەلێ سۆنی”ی سەربە نەوسوود بەڕێووەبوون کەوتنە بۆسەی هێزەکانی بارەگانی سەربازیی “رلە”وە کە سەربە هێزەکانی پاسەوانیی سنووریی نەوسوودە”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو هێزانە کۆڵبەرەکانیان بەبێ ئەوەی پێشوەخت ئاگاداریان بکەنەوە داوەتە بەر دەستڕێژیی گولـلە و لە ئەنجامدا ٩ کۆڵبەر بەناوەکانی “عەزیم ئەمین زادە”، جەبار محەمەدی”، “زاهد نووری”، “جەلال نووری”، “شاهێد ئەداک”، “شادمان سەیدی”، “ڕەسول هوشی”، “تەها سەلمانی” و “ئەحمەد سەحرایی” برینداربوون. ئەو ٩ کۆڵبەرە لەلایەن کۆڵبەرەکانی دیکەوە براون بۆ ناوەندێکی تەندروستی لە نەوسوود، بەڵام “ئەحمەد سەحرایی” لەکاتێکدا بەمەبەستی چارەسەریی زیاتر بۆ نەخۆشخانەی “قودس”ی پاوە گواسترابووەوە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لە دەسداوە.

ئەحمەد سەحرایی

بەگوێڕەی ئەو ڕاپۆرتانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤ گەیشتووە، ئەحمەد سەحرایی، تەمەن ٢٤ ساڵ خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا گوتی: “لە پاش ئەو رووداە، هەزاران هاوڵاتیی خەڵکی نەوسوود لەبەر دەم ناوەندیی تەندروستیی ئەو شارەدا گردبوونەوە و ناڕەزاییان پیشاندا بەرامبەر کوشتنو بریندارکردنی ئەو کۆڵبەرانە، هەروەها ژمارەیەک پۆلیسیان ڕاونا کە هاتبوونە شوێنی گردبوونەوەکە بۆ ئەوەی ناوی کۆڵبەرە بریندارەکان بنووسن. پاشان بەرەو بارەگای هێزەکانی پاسەوانیی سنووری نەوسوود بەڕێکەوتن و لەوێش بە وتنەوەی دروشم هێرشی سەر کۆڵبەرەکانیان شەرمەزارکرد”.

زۆربەی ئەو کۆڵبەرانە خەڵکی گوندی “کلاش”ی سەربە جوانڕۆ و شارەکانی “پاوە” و “نەوسوود” بوون.

بەگوێڕەی ڕاپۆرتێکی دیکە، شەوی ڕابردوو لەناوچەی سنووریی “دۆڵەبی”ی سەربە مەیوان کۆڵبەرێک بەناوی “کامران قادری” و لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار کۆڵبەرێک بەناوی “حوسێن حەقانی” لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانیی سنوورەوە بریندارکراون. هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆڵبەرێکی خەڵکی “ماکۆ” بەناوی “ئەرکان عەباسی” لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو شارە دراوەتە بەر دەستڕێژیی گولـلە و برینداربووە.

بەگوێڕەی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە کۆکراونەتەوە، لە مانگی ڕێبەنداندا کۆڵبەرێک بەهۆی سەرماوە و یەکی دیکە لە ئەنجامی تەقەی هێزە سەربازییەکاندا گیانیان لە دەستداوە، هەروەها ٢٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران و دوو کۆڵبەری دیکە لە ئەنجامی تەقەی سەربازەکانی ئەرتەشی تورکیا بینداربوون.