بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “بەشیر پیرماوانە“، بەندکراوی سیاسیی کورد ڕۆژی ڕابردوو ٥ی ڕێبەندان / ٠١.٢٥ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە بێ وەڵام مانەوەی داواکارییەکەی بۆ ئازادیی مەرجدار دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن، هەروەها “سیامەک ئەشرەفی“، بەندکراوێکی دیکەی سیاسیی کورد کە لە ڕۆژی ١ی ڕێبەندانەوە / ٠١.٢١ مانی لە خواردن گرتووە، لە مانگرتن بەردەوامە.

بەشیر پیرماوانە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٣١ی پوشپەڕدا / ٢٠١٩.٠٧.٢٢، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە بێ وەڵام مانەوەی داواکارییەکەی بۆ ئازادیی مەرجدار بۆ ماوەی مانگێک مانی لە خواردن گرتبوو و لە ئەنجامدا لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژدا / ٢٠١٩.٠٨.١٩، پاش بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانەکە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو داواکارییە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.

لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا پاش ئەوەی ئەنجومەنی ڕیزبەندیی بەندیخانەکە داواکارییەکەی بەشیر پیرماوانەی پەسندکردبوو ناردبووی بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ورمێ، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ئەو داواکارییە نەدراوەتەوە، هەر بۆیەش ئەو بەندکراوە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

بەشیر پیرماوانە لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٥دا / لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەرکرابوو و اشان بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردستانی” بە ٥ ساڵ بەندکران سزادران. ئەو سزیە پاشان بەپێی مادەی ڕەزامەندبوون بۆ چوار ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە سیامەک ئەشرەفی کە ڕۆژی ١ی ڕێبەندان / ٠١.٢١ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە بێ وەڵام مانەوەی داواکارییەکەی بۆ ئازادیی مەرجدار دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن هێشتا لە مانگرتندایە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە نزیکەی ٣ ساڵ و ٨ مانگی ماوەی ٥ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانەکەی تێپەڕکردووە و ماوەیەک پێش ئێستا داواکاریی ئازادیی مەرجداری ئاراستەی ئەنجومەنی ڕیزبەندیی بەندیخانە کردبوو. ئەو ئەنجومەنەش پاش پەسندکردنی داواکارییەکە بۆ لقی ٩ی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ورمێ بەڕێی کردبوو.

بنەماڵەی سیامەک ئەشرەفی بۆ بەدواداچوون بۆ داواکارییەکە سەردانی لقی ٩ی جێبەجێکردنی سزاکانیان کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو نووسینگەیە وەڵامیان نەداونەتەوە و بێڕێزییان پێکردوون، ئەو بەندکراوە سیاسییەش بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو هەڵسوکەوتە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.