تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ئەمڕۆ سێشەممە ١ی ڕێبەندان / ۰۱.۲۱، “سیامەک ئەشرەفی”، بەندکراوی سیاسیی کورد بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەوەی وەڵامی داواکاریی ئازادیی مەرجدارەکەی نەدراوەتەوە و کارمەندەکانی لقی ٩ی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ورمێ بێڕێزییان بە بنەماڵەکەی کردووە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

ئەو بەندکراوە سیاسییە نزیکەی ٣ ساڵ و ٨ مانگی ماوەی ٥ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانەکەی تێپەڕکردووە و ماوەیەک پێش ئێستا داواکاریی ئازادیی مەرجداری ئاراستەی ئەنجومەنی ڕیزبەندیی بەندیخانە کردبوو. ئەو ئەنجومەنەش پاش پەسندکردنی داواکارییەکە بۆ لقی ٩ی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ورمێ بەڕێی کردبوو.

بنەماڵەی سیامەک ئەشرەفی بۆ بەدواداچوون بۆ داواکارییەکە سەردانی لقی ٩ی جێبەجێکردنی سزاکانیان کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو نووسینگەیە وەڵامیان نەداونەتەوە و بێڕێزییان پێکردوون، ئەو بەندکراوە سیاسییەش بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو هەڵسوکەوتە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

سیامەک ئەشرەفی هاوڵاتیی خەڵکی ورمێ لە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ١٣٩٥ / ٢٠١٦.٠٦.١٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و پاش چەند مانگێک لەلایەن لقی دوو دشدگای شۆڕشی ئەو شارەوە بەتۆمەتی “ئەندامبوونی یەک لە گروپەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی” بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا.

ناوبراو هەروەها لە دۆسییەیەکی دیکەدا بەتۆمەتی “نەچوونی بۆ سەربازی” بە ٨ مانگ بەندکران سزادرا. ئەو بەندکراوە سیاسییە لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٦ دا / ۲۰۱۶.۱۲ بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە نەگواستنەوەی بۆ بەندی سیاسی بۆ ماوەی هەفتەیەک دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن.