تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە رۆژی ٢٦ی سەرماوەز / ١٢.١٧، “ئارمان وەفایی“، چالاکوانی ژینگەپارێز و یەک لە ئەندامانی لقی کوردستانی حزبی وەحدەتی میللی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ لقی دووی لێپێچینەوەی ئەو شارە گوازراوەتەوە و بڕیاری دەستبەسەرکرانەکەی بۆ ماوەی مانگێک درێژکراوەتەوە.

درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئەو چالاکوانە کورد لە کاتێکدایە کە بەدەست نەخۆشیی دڵەوە دەناڵێنێت، تا ئێستا لە دۆخی سەختدا لەناو ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا بەسەری بردووە و بەردەوام لەژێر فشاردا بووە بۆ ئەوەی دانپێدانانی زۆرەملیی لێوەربگرن.

ئەو چالاکوانە ژینگەپارێزە لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەر / ١١.١٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سنەوە دەستبەسەرکرا و برا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە. ناوبراو لەماوەی دەستبەسەرکرانیدا تەنیا ڕێگەی پێدراوە چەند پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورت بە بنماڵەکەیەوە بکات.

هەفتەی ڕابردوو ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵە و کەس و کارەکانی ئارمان وەفایی لە بەردەم دەزگای هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گردبوونەوە و داوای ئازادیی ئەو چالاکوانەیان کرد.

ئارمان وەفایی پێشتر لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا لەمیانەی ڕەشبگیریی چالاکوانانی ژینگەپارێزی کوردستاندا دەستبەسەرکرابوو و پاش مانگێک لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتە لە دەستبەسەرگەی “شەهرام فەر”ی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنە ئازادکرابوو.

دەگوترێت ئەو چالاکوانە کوردە لە کۆتاییەکانی مانگەی ڕەزبەری ئەمساڵ / ٢٠١٩.١٠دا لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنە بە سەرۆکایەتیی “دادوەر سەعیدی”، دادگایی کراوە و بە “ئەندامبوونی یەک لە حزبە کوردستانییەکان” تۆمەتبارکراوە.