بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر / ١١.١٩ ، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “ئارمان وەفایی”، ژینگە پارێز و ئەندامی لقی کوردستانی حزبی وەحدەتی میللی، دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.

ناوبراو پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ / ٢٠١٩.٠٢.١٧ لە سەروبەندی دەستبەسەرکردنی ژینگەپارێزان و ئەندامانی لقی کوردستانی حزبی وەحدەتی میللی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەرکرابوو و پاش مانگێک لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی “شەهرام‌فەر”ی سنە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرابوو.

دەگوترێت کە دانیشتی دادگای ئەو ژینگەپارێزە نزیکەی مانگێک پێش ئێستا لە لقی ١ی دادگای شۆڕسی ئیسلامی سنە بە سەرۆکایەتیی “دادوەر سەعیدی” بەڕێووەچووە.

جێگەی ئاماژەیە کە ناوبراو لەو دانیشتنەدا بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی یەک لە حزبە کوردستانییەکان” دادگاییکرابوو.