بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەز / ١٢.١٠، بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتی بۆ “مۆژگان کاوسی“، نووسەری کورد دەرکراوە و لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری “ساری”یەوە بۆ بەندیخانەی “نۆشەهر” گوازراوەتەوە.

ئەو نووسەرە کوردە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەر / ١١.١٨ لە ماڵی خۆی لە شاری “نۆشەهر”ی باکوری ئێران دەستبەسەرکرا و پاشان گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ساری.

جێگەی ئاماژەیە کە لە کاتی دەستبەسەرکرانی مۆژگان کاوسییەوە تا ئێستا تەنیا دوو جار ڕێگەی پێدراوە پەیوەندی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە بکات.

 سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن کە هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو نووسەرە کوردە نووسینی چەند یاداشتێک سەبارەت بە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.

مۆژگان کاوسی، نووسەر و چالاکوانی کولتوری، هاوڵاتیی کوردی دانیشتووی باکوری ئێران و هەڵگری بەڵگەنامەی ماستەری هونەرە جوانەکانە و لە ساڵانی ڕابردوودا دوو بەڵگەفیلم بەناوەکانی “هیوا” و “بەرباد”ی دەرهێناوە.