بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “مۆژگان کاوسی“، نووسەری کورد کە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەر / ١١.١٨ لە ماڵی خۆیدا لە شاری “نۆشەهر”ی پارێزگەی مازەندەران دەستبەسەرکرابوو، بڕیاری دەستبەسەرکرانەکەی درێژکراوەتەوە و لە ئێستادا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری “ساری”دا دەستبەسەرە.

ئەو نووسەرە کوردە، لە ماوەی ئەو ١٨ ڕۆژەی وا دەستبەسەرکراوە، تەنیا دوو جار ڕێگەی پێدراوە پەیوەندیی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە بکات.

دەگوترێت پاش سەردانی بنەماڵەکەی بۆ دادگای “ساری”، بەرپرسانی ئەو دادگایە وتوویانە کە لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە دۆسییەکەی بەردەوامییان هەیە. هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی سەرماوەز / ١٢.٠١، هێزە ئەمنییەکان بۆ دووەمین جار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو نووسەرە کوردە و دەستیان بەسەر هەندێک کەلوپەلی شەخسییدا گرتووە.

ئەو هێزانە پێشتریش لەکاتی دەستبەسەرکردنی مۆژگان کاوسیدا دەستیان بەسەر لەپتاپ، مۆبایل و دەستنووسەکانیدا گرتبوو.

سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن کە هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو نووسەرە کوردە نووسینی چەند یاداشتێک سەبارەت بە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.

مۆژگان کاوسی، نووسەر و چالاکوانی کولتوری، هاوڵاتیی کوردی دانیشتووی باکوری ئێران و هەڵگری بەڵگەنامەی ماستەری هونەرە جوانەکانە و لە ساڵانی ڕابردوودا دوو بەڵگەفیلم بەناوەکانی “هیوا” و “بەرباد”ی دەرهێناوە.

فیلمی هیوا