تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ئەمڕۆ ١٨ی سەرماوەز / ١٢.٠٩، “پەرویز ناسری”، هاوڵاتیی کورد و “مەنسور زەینالیزادە”، هاوڵاتیی تورک، دووان لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ورمێ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازراونەتەوە.
سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دووا و گوتی کە پەرویز ناسری خەڵکی گەڕەکی ئیسلامئاوای ورمێیە و ٩ ڕۆژ پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە دەستبەسەرکرابوو و لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستبەسەرکرانیی کاتیی بۆ دەرکرابوو.
هەروەها دەگوترێت کە مەنسور زەینالیزادە لەمیانەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دژ بە بەرزبوونەوەی کتوپڕی نرخی بەنزین لە ورمێ دەستبەسەرکرابوو.
بەگوێرەی زانیارییەکان، سەرەڕای ئەوەی دادگا بڕیاری بارمەتەی بۆ ئازادکردنیی کاتیی ناوبراو دەستنیشان کردووە، پێش ئەوەی بنەماڵەکەی بارمتەکە دابین بکەن بۆ بەندیخانە بەڕێکراوە.
جێگەی ئاماژەیە کە زیاتر لە هەزار هاوڵاتی لەمیانەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکراون. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر بەبڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ناسنامەی زیاتر لە ١٥٠ هاوڵاتیی دەستبەسەرکراوی پشتڕاستکردبووەوە.