پاش بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان بۆ دەربڕنی ناڕەزایی بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان دەستیان کرد بە دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییان و سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان باس لەوە دەکەن کە ڕەشبگیرییەکان تا ئێستا بەردەوامە.

بەهۆی توندبوونەوەی کەشی ئەمنی و هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکان لە بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان، ئاماری پشتڕاستکراوەی دەستبەسەرکراوەکان لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بەپێی گریمانە سەرەتاییەکان و لێدوانەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ ئەو دەستبەسەرکراوانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە یان واژۆکردنی بەڵێننامە ئازادکراون، پێدەچێت زیاتر لە هەزار هاوڵاتی لە شارەکانی ئیلام، مهران، چەرداوڵ، سەرپێڵ زەهاو، جوانڕۆ، کامێران، سنە، مەریوان، سەقز، بۆکان و ورمێ دەستبەسەرکرابن.

هەروەها ژمارەیەک هاوڵاتیی کوردی دانیشتووی شارەکانی تاران و کەرەجیش لەمیانەی ئەو خۆپیشاندانانەدا دەستبەسەرکراون، بەڵام تا ئێستا هیچ ئامارێکی پشتڕاستکراوە لەو بارەیەوە لەبەر دەستدا نییە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی بە دانانی بارمتە لە دەستبەسەرگە و بەندیخانەکانی ئەو شارانە ئازادکراون، بڕی پارەی ئەو بارمتانە لە ٣٠ ملیۆنەوە بۆ چەند سەد ملیۆن تمەن ڕاگەیەندراوە.

بەگوێرەی ژمارەیەک لەو دەستبەسەرکراوانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئازادکراون، دەستبەسەرکراوەکان بەگروپ لە ژوورە بچوکەکانی دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاسایش، ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا دەستبەسەرن و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملی لە ژێر فشار و ئەشکەنجەدان.

هەروەها دوو هاوڵاتی کە لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی کرماشان و مەریوان ئازادکراون، باسیان لەوە کردووە کە دەیان منداڵ لەو دەستبەسەرگانەدا لە دۆخێکی زۆر سەختدا بەسەردەبەن.

لەلایەکی دیکەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ هاوڵاتی لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانەوە بۆ بەندیخانەکانی سنە و دیزڵئاوای کرماشان گوازراونەوە. ڕەوشی ئەو دەستبەسەرکراوانە بەهۆی کەمیی شوێن لەو بەندیخانانەدا زۆر نالەبار ڕاگەیەندراوە.

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی بەدەست گەیشتوون، نزیکەی ٥٠ هاوڵاتی لەو خۆپیشاندانانەدا بەهۆی دەستڕێژیی گولـلەی هێزە ئەمنییەکانەوە برینداربوون و بەو دۆخەوە لە سەر شەقامەکان یان لە نەخۆشخانەکان دەستبەسەرکراون. ئەو هاوڵاتییانە ئێستا لە کاتێکدا لە دەستبەسەرگەکاندا بەسەردەبەن کە پێویستیی بەپەلەیان بە چاودێریی پزیشکی هەیە. بێ ئاگایی سەبارەت بە چارەنووس و دۆخی ئەو هاوڵاتییانە نیگەرانیی جدیی سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستییان هێناوەتە ئاراوە.

بنەماڵەکانی هەندێک لە دەستبەسەرکراوان لێدوانیان بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان داوە و ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژانە سەدان بنەماڵە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆخی ڕۆڵەکانیان لە بەردەم دادگاکانی ئەو شارانەدا گرددەبنەوە، بەڵام بەرپرسە پەیوەندیدارەکان هیچ وەڵامێکیان نادەنەوە. دەگوترێت تەنیا ئەو کەسانەی بۆ قەرەنتینەی بەندیخانەکان گوازراونەتەوە توانیویانە پەیوەندی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن.

بەرپرسە باڵاکانی پۆلیس لە پارێزگەکانی ئیلام، کرماشان و کوردستان ڕایانگەیاندووە کە “دوو چالاکوانی تەلەگرامی لە ئیلام”، “حەوت هاندەری خۆپیشاندانەکان لە چەرداوڵ”، “١٢ هاندەری خۆپیشاندانەکان لە کرماشان و جوانڕۆ”، “٢٤٠ خۆپیشاندەر لە کرماشان” و “٢٥ هاوڵاتی لە سنە و مەریوان” دەستبەسەرکراون. بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەو بارەیەوە هیچ ڕاگەیەندراوێکیان بڵاونەکردووەتەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تا ئێستا ناسنامەی نزیکەی ٢٠٠ هاوڵاتیی دەستبەسەکراوی پشتڕاستکردووەتەوە کە ٦٧ لەو هاوڵاتییانە لە کرماشان، ٥ هاوڵاتی لە ئیلام، ١٠ هاوڵاتی لە پارێزگەی ئازەربایجانی رۆژئاوا و ١٠٢ هاوڵاتی لە پارێزگەی کوردستان دەستبەسەرکراون. لەو ژمارەیە ٤ کەس ئازادکراون و دوو هاوڵاتیی دیکە ڕەوانەکراون بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ. سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هاوڵاتییانە دیکە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.