زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسیی کورد نامەیەکی لە بەندیخانەی خۆیەوە بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاوخەمیی خۆی بۆ سەرکوتکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕیوە. لە نامەکەدا نووسیویەتی کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە گولـلەوە پێشوازی لە دەنگی ناڕەزایی خەڵ دەکەن.

دەقی تەواوی ئەو نامەیە کە بەمەبەستی بڵاوکردنەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە لە بەردەوامیدا دێت:

دەوڵەتی تاک­عەقڵ و هەزاروێنەی کۆماری ئیسلامی دەنگی ئازادیخوازیی گەلانی ئێران بە گولـلە وەڵام دەداتەوە، بەڵام مێژوو سەلماندویەتی کە هیچ گولـلەیەک ناتوانێت دەنگی ئازادیخوازی خەڵکی ئێران کپ بکات.

ماوەی دوو هەفتەیە بەهۆی ڕەوشی بەندیخانەوە تەنیا لە ڕێگای ڕاگەیەندنەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئاگاداری هەواڵی خۆپیشاندانەکان بووم، لەم ماوەیەدا چەندین جار بینیومە کە چۆن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە بێشەرمییەوە لە ڕاگەیەندنەکانیاندا دەڵێن کە خۆپیشاندەران ئێرانی نین، بەو شێوەیە پرسەکە خۆی دەسڕنەوە و هەوڵدەدەن ڕایگشتی بەلاڕێدا ببەن.

بەداخەوە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٨٨ / ٢٠٠٩وە بۆ ئێستا چەندین جار بە توندوتیژی وەڵامی ئەو خەڵکەیان داوەتەوە کە بۆ داواکارییە ڕەواکانیان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، بەڵام بەشێوەیەکی بێشەرمانە بە “داعشی” و “ئاژاوەچی” ناو براون.

 ئەو بەرپرسانە لەگەڵ خۆیان یەکلا نەبوونەتەوە، لەلایەکە وە دەڵێن کە خەڵک مافی خۆیەتی ناڕەزایی دەرببڕێت، بەڵام نەک بۆ خەڵکی ێران بەڵکو خەڵکانی وڵاتانی دیکە، کاتێکیش خەڵک دەڕژێنە سەر شەقامەکان بە گولـلە و بەندیخانە پێشواییان لێدەکەن. خەڵک بەهۆی دۆخی نالەباری ژیانیانەوە و باشتربوونی ئەو ڕەوشە دەنگیان هەڵبڕیوە، کەچی ڕووبەڕووی گولـلەی کۆماری ئیسلامی بوونەتەوە. بەداخەوە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نایانەوێت قبوڵی بکەن کە ئێستا لە سەدەی ٢١دا دەژین و چیدی ناتوانن بە درۆ و دووڕوویی و خورافە حوکمڕانی بەسەر خەڵکدا بکەن.

بەهۆی دەستبەسەرکران و ئەشکەنجەی خۆپیشاندەران و بەتایبەت لەبەر ئەو کەسانەی گیانی ئازیزیان لەو ڕێگایەدا لە دەستداوە زۆر خەمبارم، خەمێک کە هەرگیز لە سەر دڵمان لانادرێت. من بە هەموو هەبوونمەوە هاوخەمتانم، لە ساڵی ٨٦ / ٢٠٠٧ ەوە لەبەر داوای ئازادی و یەکسانی لە بەندیخانەی ئەو زاڵمانەدام. بەڵام ئازاری من ئەوە نییە. ئازاری من لە دەستدانی ئەو ئازیزانەیە کە چیدی دەنگی ئازادیخوازییان نابیستین و هەرگیز نایانبینینەوە، ئەویش تەنیا بەو هۆیەیەوە کە لەگەڵ حکومەتی خوێنمژی ئێراندا نەبوون، ئەوان بە سەربەرزییەوە گیانی ئازیزیان فیدای ئامانجە ئازادیخوازانەکەیان کرد.

ئێمە تا ئەو کاتە هەناسە هەڵدەکێشێن ڕێگە نادەین خوێنی گەنجەکانمان پێشێل بکرێت. تا ڕۆژی سەرکەوتن لە بەرەی زەحمەتکێشان و لە دژی زاڵماندا دەەبم.

زەینەب جەلالیان

سەرماوەزی ١٣٩٧ / ٢٠١٩.١٢ ، بەندیخانەی خۆی