زەینەب جەلالیان

هاوڵاتی کوردی خەڵکی شاری ماکۆ

دەستبەسەرکران:٧ی ڕەشەمەی ١٣٨٦ / ٢٠٠٨.٣

تۆمەتەکان: ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و شەڕی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامی

سزا: بەندکرانی تاهەتایی

ڕەوش: بەندکراو لە بەندیخانەی خۆی

زەینەب جەلالیان، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦١ / ١٩٨٢ خەڵکی گوندی “دێم قشڵاق”ی سەربە شاری ماکۆیە. ناوبراو لە ٧ی ڕەشەمەی ١٣٨٦ / ٢٠٠٨.٠٣ لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەستەبەسەرکرا و نزیکەی سێ مانگ لە دەستبەسەرگەی دەزگای زانیاریی (ستاد خبری) فەرمانگەی ئیتلاعاتی کرمانشان بەتۆمەتی “ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” خرایە ژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و پاشان گوازرایەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی (کانون اصلاح و تربیت) ئەو شارە.

ئەو ژنەبەندکراوە سیاسییە لە رێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی ١٣٨٧ / ٢٠٠٩.٠١.٠٢ لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی کرماشانەوە بە تۆمەتگەلی “ئەندامبوون لە پژاک” و “شەڕی چەکدارانی دژی کۆماری ئیسلامی” بە سێذارە سزادرا. ئەو سزایە پاشان لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کرماشان وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە. سزاکە لە ساڵی ١٣٨٨ دا / ٢٠٠٩ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتیشەوە پشتڕاست کرایەوە. زەینەب جەلالیان لە مانگی ڕەشەمەی ١٣٨٨ / ٢٠١٠.٠٣ بەشێوەیەکی چاوەڕوانی نەکراو لە بەندیخانەی کرماشانەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانی ئێڤینی تاران گوازرایەوە و پاش ٥ مانگ دیسانەوە گەڕێندراوە بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان.

پاش هەوڵدانی زۆری چالاکوانان و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ، سزای سێدارەی ئەو ژنەبەندکراوە سیاسییە کوردە لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٠ / ٢٠١١.١١ کەوتە بەر لێبوردنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ بەندکرانی تاهەتایی گۆڕا. پاشان لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٣ / ٢٠١٥.٠١ لە بەندیخانەی کرماشانەوە بۆ بەندیخانەی شاری “خۆی” گوازرایەوە.

ئەمیر سالار داوودی، یەک لە پارێزەرانی زەینەب جەلالیان لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٧ / ٢٠١٧.١١ لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا و پاشان بە ١١١ قامچی و ٣٠ ساڵ بەندکران سزادرا کە لەو سزایە ١٥ ساڵی جێبەجێدەکرێت. زەینەب جەلالیان لە نامەکانی دا سزای سەپێندراوە بەسەر پارێضەرەکەی شەرمەزارکردووە.

زەینەب جەلالیان لە ئێستادا ١٢یەمین ساڵی بەندکرانی تێپەڕدەکات و لەو ماوەیەدا تووشی “نەخۆشیی چاو” و “تا” بووە لە هاوینی ساڵی ١٣٩٨ەوە / ٢٠١٩ سەرئێشەی قورس ڕوویتێکردووە کە بە بۆچوونی پزیشکەکان بەهۆی نەخۆشیی “میگرین”ەوەیە.

ئەو ژنەبەندکراوە سیاسییە لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٥ / ٢٠١٥.٠٢ بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە بەڕێنەکردنی بۆ نەخۆشخانە بەمەبەستی چارەسەریی چاوەکانی دەستی دابووە مانگرتن لە بەکارهێنانی دەرمان، بەڵام بەهۆی پێداگریی بنەماڵەکەی لەم دواییانەدا قبوڵی کردووەکە دەرمانی میگرین بەکاربهێنێت.

لە مانگی پوشپەری ١٣٩٨ دا / ٢٠١٩.٠٧ شاندێکی ڕێکخراوی بەندیخانەکانی دەوڵەتی ئێرانی سەردانی بەندیخانەی خۆی-یان کرد، یەک لە ئەندامانی ئەو شاندە بە زەینەب جەلالیانی وتبوو ئەگەر نامەیەک بڵاو نەکاتەوە و پەشیمانی خۆی تێدا دەرنەبڕێت بۆ هەمیشە لە وەرگرتنی دەرمان بێبەش دەکرێت، ئەویش لە بەرامبەردا وەڵامی ڕەتی دابووەوە بۆ نووسینی نامەیەکی وەها. پێشتریش وەزارتخانەی ئیتلاعات ئامادەبوون لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی و دانپێدانانی زۆرەملیی وەک مەرجی گواستنەوەی زەینەب جەلالیان بۆ نەخۆشخانە ڕاگەیاندبوو.