رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رۆژی ٢٢ی خەزەڵوەر/ ١١.١٣ راگەیەنراوێکی بڵاوکردۆتەوە و داوای کردووە “زارا محەمەدی“، ژنەچالاکوانی مەدەنیی کورد دەستبەجێ و بە بێ مەج ئازاد بکرێت.

لە راگەیەنراوەکەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە، کە چالاکییەکانی زارا محەمەدی هێمنانە و دوور لە تووندووتیژی و بۆ بردنە سەرەوەی ئاستی تواناکانی ئەندامانی کەمایەتی کورد بووە کە لە ئێستادا لە ژێر ستەم و چەوسانەوە دان.

ئەم رێکخراوە نێوەدەوڵەتییەی داکۆکیار لە مافەکانی مرۆڤ، وتنەوە و فێرکردنی زمانی کوردی بە خەڵکی کورد وەکوو یەکێک لە چالاکییەکانی زارا محەمەدی ناوبردووە و ئاماژە بەوە داوە، کە ئەم چالاکییە لەلایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە وەکوو “هاوکاریکردنی حیزبە کوردستانییەکان و هەستان بە تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” لە قەڵەم دراوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، زارا محەمەدی لە رێکەوتی ٢٧ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی/ ٠٩.١٨ بە بێ ئەوەی پارێزەر و بنەماڵەکەی پێشوەخت ئاگادار بکرێنەوە، بۆ لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە گوازراوەتەوە. جێگەی ئاماژەیە ئەم دادگایە بەڕێوەنەچوو و بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا باس لە نادیار بوونی شوێنی دەستبەسەرکرانی ئەم ژنەچالاکوانە بۆ ماوەی هەشت رۆژ کراوە و لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاشکرایکردووە کە لەو ماوەیەدا لە ژێر فشاردا بووە تا بە زۆر وتەی لێوەربگیرێت.

بە پێی راگەیەنراوەکە، زارا محەمەدی لە رێکەوتی ١٥ی پوشپەر بۆ ٢٥ی خەرمانان/ ٠٧.٠٦ تا ٠٩.١٦ هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەبووە و لەم ماوەیەدا “هەموو رۆژێک بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر بۆ شوێنێکی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات گوازراوەتەوە و لە ژێر فشاردا بووە تا بە زۆر دان بەوە دابنێت کە “هاوکاریی گروپە کوردییەکانی دژ بە حکومەتی کردووە”، تۆمەتێک کە ئەو ژنەلاکوانە بەردەوام رەتیکردۆتەوە.

لە درێژەی راگەیەنراوەکەدا لەسەر زاری زارا محەمەدی ئاماژە بەوەش دراوە کە هێزە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لێکردووە ئەگەر بێت و هاوکاریان نەکات، ئەوا بنەماڵەکەی دەستبەسەر دەکرێن. هێزە ئەمنییەکان پێشیانڕاگەیاندووە، بێبەشکردنی لە مافی چاوپێکەوتنی پارێزەر و بنەماڵەکەی بە مەبەستی فشار خستنەسەریەتی تا لەو رێگایەوە هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەکان بکات.

ئەم چالاکوانەی کورد تەنیا جارێک و ئەویش پاش تەواو بوونی لێپرسینەوەکان توانیویەتی چاوی بە پارێزەرەکەی بکەوێت.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هەروەها باسی لە ناجێگیربوونی دۆخی جەستەیی زارا محەمەدی کردووە و رایگەیاندووە، ناوبراو لە ئێستادا نەخۆشیی گەدەی هەیە و پێش بەندکرانیشی پێویستی بە بەکارهێنانی دەرمان بووە، بەڵام لە بەندیخانەدا ئەو دەرمانانەی دەست نەکەوتووە.

زارا محەمەدی بەڕێوەبەری دامەزراوەی کولتوریی “نۆژین” بووە و زمانی و ئەدەبی کوردی وتۆتەوە. ناوبراو پێش دەستبەسەرکرانی لە رۆژی ٢یجۆزەرداندا/ ٠٥.٢٣ چەندین جار لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لێپرسینەوەی درێژماوەی لەگەڵ کرابوو. دواهەمین لێپرسینەوە لە رۆژی ١٧ی رەشەمەی ١٣٩٧/ ٢٠١٩.٠٣.٠٨ بوو کە هەشت کاتژمێر و بە بێ ئامادە بوونی پارێزەر بەڕێوەچوو بوو.