بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سزای ساڵێک بەندکرانی چوار هاوڵاتیی کوردی خەڵکی سنە بە ناوەکانی “یاسین کەریمی، هێمن محەمەدیان، یادگار جەعفەری و پوریا ناسری” کە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بەسەریاندا سەپێندرابوو، لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان بۆ سالێک بەندکرانی تەعلیقی (هەڵپەسێردراو) بۆ ماوەی پێنج ساڵ گۆڕا.

ئەم چوار هاوڵاتییە رۆژی ٣٠ رەزبەر/ ١٠.٢٢ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنەوە بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی یەک لە حیزبە کوردستانییەکان” هەر کامە بە ساڵێک بەندکران سزا درابوون.

یاسین کەریمی، هێمن محەمەدیان، یادگار جەعفەری و پوریا ناسری لە رێکەوتی ٢٢ی پوشپەڕ/ ٠٧.١٣، ساڵڕۆژی تیرۆری دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو، سکرتێری پێشووی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، بە هۆی پۆشینی جل و بەرگی کوردییەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کرابوون.

ئەم چوار هاوڵاتییە پاش رۆژێک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە گوازرانەوە و سەرەنجام لە رێکەوتی ٢٥ی پوشپەڕ/ ٠٧.١٦ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.