سەید کازم حوسێنی، پارێزەری موحسێن لورستانی، گۆرانیبێژی کورد بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی راگەیاند کە دانیشتنی دادگای بریگرتەکەی لە لقی 28ی دادگای شۆرشی ئیسلامی تاران بە بێ ئاگادارکردنەوە و ئامادەبوونی ئەو بەڕێوەچووە.

سەید کازم حوسێنی لە لێدوانێکی کورتدا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “جگە لەو شتانەی لە میدیاکان بڵاوکراونەتەوە، زانیاری زیاترم لەبەردەست نییە.”

سەبارەت بە وردەکاری دۆسیەکە باسی لەوە کرد: “موحسێن لورستانی بە فەرمانی دادسەرای ئەمنییەتی ئەخلاقی دەستبەسەرکراوە و تۆمەتەکانی بۆ دیاریکراوە. چەت و گفتگۆ نمونەی ئەم تۆمەتانەن کە باسی کراوە”.

ئەو پارێزەرە گوتیشی: “لە رۆژانی رابردوودا کۆمەڵێک زانیاری ناڕاست سەبارەت بە لورستانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاکراونەتەوە”.

لە رۆژانی رابردوودا سەبارەت بەم گۆڕانیبێژە دەنگۆی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیانە خۆی دەبوێرێت، چونکە دەنگۆکان لەلایەن پارێزەر و بنەماڵەکەی پشتڕاست نەکراونەتەوە و زانیاری وردیش سەبارەت بە پرۆسەی بەڕێوەچوونی دادگاکە لەبەردەستدا نییە.

موحسن لورستانی رۆژی ١٢ی رەشەمەی ساڵی ڕابردوو /  2019.03.03 لە ماڵی دایکی کە کەوتووەتە گەڕەکی سەعادەت ئابادی تاران دەستبەسەرکرا و لەو کاتەوە تا ئێستا لە دەستبەسەرکرانی کاتیدایە. تۆمەتی ئەو هونەرمەندە “افساد فی‌الارض” راگەیەندراوە. بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئەگەر ئەم تۆمەتە لە دادگا بسەلمێندرێت، سزاکەی لەسێذارەدانە.