بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، مۆحسێن لوڕستانی، گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی کرماشان بەهۆی سکاڵای داواکاری گشتییەوە بە “افساد فی الارض” تۆمەتبارکراوە و دۆسییەکەی نێردراوە بۆ لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی.

کازم حسێنی، پارێزەری موحسن لوڕستانی، لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دووا و گوتی: “بریگرتەکەم لەسەر فەرمانی دادگای ئەمنیی ئەخلاقی دەستبەسەرکراوە و لە ئێستادا تۆمەتەکانی ڕاگەیەندراوە. ئەو تۆمەتە بەهۆی پشکنینی چاتە شەخسییەکانییەو لەدژی تۆمارکراوە”.

بەگوتەی ئەو پارێزەرە، پشکنینی کاروباری شەخسی هاوڵاتییان تەنیا لە کاتێکدا ڕێگەپێدراوە کە هاوڵاتییەک لەدژی گومانلێکراو سکاڵای تۆمار کردبێت و “تاوان” لە شوێنی گشتی و لە بەرچاوی هاوڵاتیاندا ئەنجامدرابێت، بەڵام لەو دۆسییەدا هیچ کامە لەو دوو خاڵە هەبوونیان نییە.

دەگوترێت موحسن لوڕستانی ڕۆژی ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، لە ماڵی دایکی کە کەوتووەتە گەڕەکی سەعادەت ئابادی تاران دەستبەسەرکراوە و تاوەکو ئێستا بەووێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەدا بووە.

بڕگەی ۲۸۶ی یاسای سزادانی ئیسلامی “افساد فی الارض”ی بەو جۆرە پێناسە کردووە: “هەر کەس بە شێوازێکی بەربڵاو، دژ بە جەستەی کەسەکان تاوان ئەنجام بدات، تاوانگەلی دژ بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بڵاوکردنەوەی درۆ، شێواندنی سیتسمی ئابووری وڵات، سووتاندن و خاپوورکردن، بڵاوکردنەوەی کەرەسەی ژەهراوی و میکڕۆبی مەترسیدار یا بڵاو کردنەوەی ناوەندکانی خراپکاری یان بەشداری کردن بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی شێواندنی بەرفراوانی دیسپلینی گشتی وڵات، نائاسایی یان لێدانی خەسار و زیانێکی زۆر بە تەواوەتی ئەندامی کەسەکان یان مڵک و ماڵی گشتی یان تایبەتی، یان ببێتە هۆی بڵاو کردنەوەی فەساد و خراپەیەکی زۆر بەربڵاو، “مفسد فی الارض” دەژمێردرێ و بە سێدارە سزا دەدریت”.

حسێنی پێشتر بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی ئیسنا دووابوو و گوتبووی: “بابەتی تۆمەتی بریگرتەکەی پرسی ئەخلاقی و شەخسییە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە. دۆسییەکە هیچ سکاڵاکارێکی تایبەتی نییە”.