ئێران راهپەیکار، چالاکی مەریوانی له‌ لایه‌ن دادگایی شۆرشی شاری سنه‌ بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی سێ سال به‌ندكردنی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا. هەروەها وەلی نەسری هاووڵاتی خەڵکی شاری سنە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی و هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی سەرجەم شەش ساڵ به‌ندكردنی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە رۆژانی رابردوودا ئێران راهپەیکار بە بێ بوونی پارێزەر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە بە سەرۆکایەتی قازی سەعیدی و بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازاد (پەژاک) سێ ساڵ به‌ندكردنی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.
ئەم ژنە چالاکەی کورد لە ٢٤ی گوڵانی ١٣٩٨ی هەتاوی/ ٢٠١٩.٠٥.١٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر کرا. پاش یەک مانگ لێپێچینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ کانونی ئیسڵاح و تەربیەت گواسترایەوە کە لەم شوێنە وەکوو زیندانی ژنانیش کەڵکی لێوەردەگیرێ.
ئێران راهپەیکار پێشتر بە هۆی نەخۆشی کۆئەندامی هەناسەوە لە ژێر چاودێریی پزیشکی دابووە، بەڵام لە سەرەتای دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی چارەسەرە پزیشکییەکان بێ بەش کراوە.
هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، وەلی نەسری هاووڵاتی کورد رۆژی ١١ی خەرمانان/ ٢٠١٩.٠٩.٠٢ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنەوە بە سەرۆکایەتی قازی سەعیدی بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە پێنج ساڵ به‌ندكردن و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی بە ساڵێک به‌ندكردن مەحکووم کراوە. بە پێی مادەی ١٣٤ سزا ئیسلامییەکانی ئێران پێنج ساڵ لەم سزایە جێبەجێ دەکرێت.
بە هۆی ئەوەی پارێزەر لە دادگاکاندا ئامادە نەبوون و هەروەها بواری تانە لێدان لەم بریارانە نییە، زانیاری ورد سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

وەلی نەسری لە رێکەوتی ٢٨ رەشەمەی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی/ ۲۰۱۹.٠٣.١٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش ١٠ رۆژ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆنی لە زیندان ئازاد كرابوو.