زارا محەممەدی چالاکی مەدەنی و ئەندامی ئەنجومەنی کولتوری-کۆمەڵایەتی نۆژین و ئێران راهپەیکار چالاکی مەدەنی خەڵکی مەریوان چەندین مانگە لە کانونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە دەستبەسەرن. هەروەها پەروین ئەدوایی چالاکێکی دیکەی مەریوانی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە  لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
بە پێی ئەو زانیارییانەی به‌ دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کەوتوون، زارا محەممەدی کە رۆژی دووی جۆزەردانی ئەمساڵ/ 2019.04.23 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە سنە دەستبەسەر کرابوو، هەروا چارەنوسی نادیارە و مافی چاوپێکەوتنیشی لێ زەوت کراوە. ئەو چالاکە مەدەنییە کە لە کانونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە دەستبەسەرە  چەندین جار له‌ رۆژانی حه‌فته‌ بۆ لێپێچینەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ده‌گواسترێته‌وه‌.
کەسانی نزیک لە زارا محەمەدی باس لەوە دەکەن، ئەو لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە کەۆتۆتە ژێر زه‌خت تا ناچار بە داپێدانانی زۆرە ملێ بکرێت.
ئێران راهپەیکار چالاکی مەدەنی 24ی گوڵانی ئەمساڵ/ 2019.05.14 لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و تا ئێستا لە کانونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە دەستبەسەرە بە بێ ئەوەیکە تۆمەتێکی دیاریکراویشی بەسەردا سەپابێ. ئەو پێشتر نەخۆشی کۆئەندامی هەناسە بووە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی نیگەرانی بنەماڵەکەی.
لە رێکەوتی ٥ی گەلاوێژ ئەمساڵ/ 2019.07.27 هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی پەروین ئەدوایی لە مەریوان و ئەو چالاکە مەدەنییە دەستبەسەر دەکەن. بە پێی هەواڵەکان ئەو تا ئێستا لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەرە و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. بەم دواییانە پەروین ئەدوایی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە بنەماڵەکەی گوتبوو، هیوادارە پاش ماوەی مانگێک کە بۆی دیاریکراوە، کۆتایی بە دەستبەسەرکردنی بێت و بە دانانی بارمتەی 500 میلیۆن تمەنی لە ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئێتلاعات ئازاد بکرێت.