تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان
«سه‌رجه‌م مرۆڤه‌کان به ئازادی له دایک ده‌بن و بۆ به‌هره‌مه‌ندبوون له کرامه‌ت و مافه‌کانیان یه‌کسانن . هه‌موویان خاوه‌ن ئاوه‌ز و ویژدانن و هه‌موویان ده‌بێت له ته‌ک یه‌کتر به شێوازی برایانه بژین.» ( خاڵی یه‌که‌می جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌کانی مرۆڤ)
پێناسه‌ی ئێمه
تۆڕی مافه‌کانی مرۆڤی کوردستان دامه‌زراوێكی مافی مرۆڤیی ناسیاسی ، سه‌ربه‌خۆ و خێرخوازانه‌یه بۆ په‌ره‌پێدان و باشترکردن و داکۆکی له مافه‌کانی مرۆڤ له لایه‌ن کۆمه‌ڵێک پارێزه‌ر و چالاکی کوردی مافه‌کانی مرۆڤ له ساڵی ۲۰۱۴ له فه‌ره‌نسا دامه‌زراوه .
پێشه‌کی:
کوردستان له‌به‌ر بارودۆخی تایبه‌تیی سیاسی ، ئابووری ، جڤاکی و کولتووری له سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام وه‌کوو شوێنێکی جێی مه‌ترسی دژ به مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات دانراوه و به ده‌سپێکردنی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌م سیستمه فه‌رمانی جه‌هادی ۲۸ ی خه‌رمانان ی ۱۳۵۸( ۲۸ مرداد ۱۳۵۸) دژ به گه‌لی کورد راده‌گه‌ینرێت . راگه‌یاندنی جیهادێک که کۆمه‌ڵکوژی ، له‌سێداره‌دانی به کۆمه‌ڵ و سووتاندن و کاولکردنی ئاواییگهلێک وه‌ک ” قاڕنا و قه‌ڵاتان” ته‌نیا به‌شێک بچووک له ئاکامه‌کانی بوو . ره‌هه‌نده شاراوه و تۆقێنه‌ره‌کانی ئه‌و جیهاده هێشتا بۆ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ئاشکرا نه‌کراوه . له ده‌سپێکی فه‌رمانی جیهاد له خه‌رمانانی ۱۳۵۸ هه‌تا ئه‌مڕۆ ره‌وتێکی بهرنامهبۆداڕێژاوی پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ له‌م ناوچه ده‌ستی پێ‌کرد که‌وا هه‌تا ئه‌مڕۆ درێژه‌ی هه‌یه . ئه‌م پێشینه مێژووییه بووه‌ته هۆکاری ئه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام روانینێکی ئه‌منییه‌تی بۆ کێشه جۆراوجۆره‌کانی ئه‌م ناوچه ببێت و به شێوازی سه‌ختگیرانه هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان بدات . روانینی ئه‌منییه‌تی تا ئه‌و راده‌یه زاڵه که ئه‌کرێت وه‌کوو میناک ئاماژه به کێشيی کۆڵبه‌ر و کاسبکارانی سه‌ر سنوور بکرێت که ته‌نیا له به‌ر گواستنه‌وه‌ی شتومه‌کی خارجی له سه‌ر سنوور و له شاره‌کان له لایه‌ن هێزی ئینتزامی ئه‌کرێنه ئامانج و ساڵانه سه‌دان که‌س له‌م چینه هه‌ژاره‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستان ده‌کوژرێن و یان بریندار ده‌بن . ئه‌م کێشه گرفتێکی ئابوورییه و به خستنه گه‌ڕی سه‌رمایه و دابینکردنی هه‌لی کار وه‌کوو ئاڵترناتیڤ ده‌کرێت چاره‌سه‌ر بکرێت . چوونه سه‌ره‌وه‌ی ئاماری زیندانییه سیاسییه به سێداره سزا دراوه‌کان ، به‌گوڕ بوونی شه‌پۆلی ده‌ستبه‌سه‌رکردنی چالاکانی سیاسی ، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی ، ده‌رکردنی سزای زیندانی درێژماوه ، هه‌ڕه‌شه و ئه‌شکه‌نجه له لایه‌ن دامه‌زراوه عه‌سکه‌ری و ئه‌منییه‌تییه‌کان و … بۆ خۆی سه‌لمێنه‌ری بوونی وه‌ها روانگه‌یه‌ک له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌م ناوچه‌یه‌یه . ئێمه به ئاشکرا ده‌توانین بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بکه‌ین پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ له کوردستان بۆ ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی که‌مترین خه‌رجی بووه و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایکردووه ده‌سه‌ڵآت له به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی پێشێلکارانه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ ده‌ستی ئاوه‌ڵا بێت . به‌ڵام مه‌به‌ست له که‌مبوونی خه‌رجی پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ چییه ؟
هه‌ڵاواردن له بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ له لایه‌ن ژماره‌یه‌ک له میدیاکان و دامه‌زراوه‌کانی مافی مرۆڤ ، سیاسه‌تی دووفاقی ده‌وڵه‌ته رۆژاواییه‌کان له سه‌ر کێشه‌کانی مافی مرۆڤ له ئێران و به تایبه‌ت بارودۆخی نه‌ته‌وه‌کانی نێو ئێران ، زه‌ختی زۆرتری رێکخراوه ئه‌منییه‌تییه‌کانی ده‌سه‌ڵات له سه‌ر چالاکانی مافی مرۆڤ و نه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی ئه‌کتیڤی مافی مرۆڤ بۆ چاودێڕی و تۆمار کردنی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و هتد بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی له‌م ناوچه وه‌کوو شوێنێک شاراوه و دوور له چاودێڕی که‌ڵک وه‌ربگرێت و هێشتا سه‌رڕای ئه‌وه‌ی زۆرترین پێشێلکاری مافی مرۆڤ له‌م ناوچه هه‌یه به‌ڵام دیسانه‌وه به گوێره‌ی پێویست له چاو ناوچه‌کانی ناوه‌ڕاستی ئێران له لایه‌ن کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی که‌مترین گرینگی پێدراوه . تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان به زانابوون به‌م باسه و به گوێره‌ی پێوه‌ره نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان خه‌ریکی تۆمارکردن و چێ‌کردنی دوکیومنتی تایبه‌ت له سه‌ر پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ له کوردستان ده‌بێت . ئه‌م تۆڕه به له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌و هێزه مادی و مرۆییه‌ی هه‌یه‌تی بۆ په‌ره‌پێدان ، باشتر کردن و داکۆکی له مافه‌کانی مرۆڤ له کوردستانی ئێران هه‌وڵ ده‌دات .
هه‌روه‌ها ئه‌م تۆڕه به یارمه‌تی ئه‌ندامه‌کانی له ناوخۆی ئێران و کوردستان چاودێڕی پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ له کوردستان ده‌کات هه‌تا بتوانێت وه‌کوو سه‌رچاوه‌یه‌ک گشتگیر ئهرشێڤێک له دوکیومنتی پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ له کوردستانی ئێران بخاته به‌ر ده‌ست رای گشتی ، رێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ، لێکۆڵه‌ران و میدیا پێوه‌ندیداره‌کان .
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان سه‌رچاوه‌ی جێگه‌ی متمانه‌ی له ناوخۆی وڵات هه‌یه و ده‌یه‌وێت به هاوکاری چالاکانی مافی مرۆڤ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات خۆی پێش بخات و به کو‌لتوور کردنی دیارده‌ی مافی مرۆڤ له کۆمه‌ڵگای کوردستان بکاته رۆژه‌ڤی کاری خۆی .
چالاکییه‌کانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان به‌م شێوه‌یه‌یه :
- چاودێریی مافه‌کانی مرۆڤ : بڵاو کردنه‌وه‌ی راپۆرتی دوکیومنتی رۆژانه له سه‌ر دۆخی مافه‌کانی مرۆڤ له کوردستانی ئێران به سێ زمانی کوردی ، فارسی و ئینگلیزی له ماڵپه‌ڕی فه‌رمی “تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان”
- به‌ڵگه‌مه‌ند کردن : به دوکیومنت کردن و تۆمار کردنی پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ به شێوازی شایهتنامه ، کۆ کردنه‌وه‌ی به‌ڵگه و وه‌رگرتنی راپۆرتی به‌ڵگه‌مه‌ند له قوربانیانی پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ
- ناسینه‌وه‌ی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ و ناساندنیان به کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌گه‌ر بکرێت به‌رزکردنه‌وه‌ی سکاڵای یاسایی دژ به‌و که‌سانه.
- راوێژکاری له ته‌ک قوربانیانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ، به تایبه‌ت دۆسیه‌ی زیندانییه سیاسییه‌کان ، ژنان و منداڵان.
- راده‌ستکردنی راپۆرت و به‌ڵگه‌نامه ئاماده‌کراوه‌کان به رێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه داکۆکیکاره‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ و به‌کارهێنانی رێوشوێنه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان بۆ پشتگیری قوربانیانی پێشێلکارییه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ و راکێشانی سرنجی رای گشتی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ بارودۆخیپێشێلکارییهکانی مافی مرۆڤ له کوردستان.
- دروستکردنی بانکی زانیاری زیندانییه سیاسییه کورده‌کان له زیندانه‌کانی سه‌رتاسه‌ری ئێران.
- ئاماده‌کردنی به‌ڵگه‌نامه و راپۆرتی ساڵانه‌ی پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ و توندوتیژی دژ به کۆڵبه‌ر و کاسبکاره کورده‌کان.