بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، فەرانەک جەمشیدی، چالاکی ژینگەپارێز و ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان کە ڕۆژی ٨ی پووشپەڕ لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کرابوو، هێشتا لەلایەن ئێتلاعاتەوە بەدەستبەسەری ماوەتەوە.
ناوبراو بە درێژایی ئەم ماوەیە ڕۆژان بۆ لێپرسینەوە دەبرێتە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و شەوانیش دەبرێتەوە بۆ کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت یان هەمان زیندانی ژنانی سنە.
«بانگەشەی دژ بە حکوومەت» و «چالاکی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» وەک تۆمەتەکانی ئەم چالاکە ژینگەپارێزە ڕاگەیەنراوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ، هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی فەرانەک جەمشیدی کە ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی کوردستانە و دەستبەسەریان کرد. بنەماڵەی خانمی جەمشیدی وتوویانە ئەو کەسانە کە جلوبەرگی مەدەنیشیان لەبەر بووە، وێڕای پشکنینی ماڵەکە دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی شەخسیی ناوبراودا، وەک کۆمپیتەر و مۆبایلەکەی، گرتووە.
فەرانەک جەمشیدی پێشتر لە پاییزی١٣٩٧دا و هاوکات لەگەڵ ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاو و دەستەجەمعیی چالاکانی ژینگەپارێز و ئەندامانی لقی کوردستانی پارتی یەکێتیی نەتەوەییدا، چەندین جار لە لایەن ڕێکخراوە ئەمنیەتییەکانەوە بانگ کرا و لەسەر چالاکییەکانی خۆی و هاوسەرەکەی، ئارمین ئێسپێرلووس کە ئەویش ئەوکات دەستبەسەر بوو، لێپرسینەوەی لێ کرابوو.