به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی كوردستان، كاتژمێرێك له‌مه‌وپێش سابیر شێخ عەبدوڵا و دیاكۆ ڕه‌سووڵزاده، دوو به‌ندكراوی سیاسیی مه‌حكووم به ئێعدام، له لایه‌ن گاردی تایبه‌تەوە له ژووری تاكه‌كه‌سیی زیندانی ورمێوه ڕه‌وانه‌ی شوێنی جێبه‌جێكردنی حوکمی لەسێدارەدان کراون كه حه‌وشه‌ی سه‌ره‌كیی زیندانه.
ده‌وترێ بارودۆخی زیندان زۆر ئه‌منیه‌تییه و شیمانەی ئەوە دەکرێت کە حوكمی له‌سێداره‌دانی ئه‌م دوو به‌ندكراوه سیاسییە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەڕێوە بچێت. ئه‌م دوو به‌ندكراوه سیاسییه سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ بۆ جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كه‌یان له بەندی ١-٢ی به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی ورمێوه گواسترابوونه‌وه بۆ ژووری تاكه‌كه‌سی.
دیاكۆ ڕه‌سووڵزاده له ڕێكه‌وتی ٦ی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٣٩٢ و سابیر شێخ عه‌بدوڵایش له‌ڕۆژی ٢٤ی ڕه‌شه‌مەی هه‌مان ساڵدا له شاری مه‌هاباد له لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌تییه‌کانەوه ده‌ستبه‌سه‌ر کران. هەروەها هاووڵاتییەکی دیكه‌دا به‌ناوی حوسێن عوسمانی لە رێکەوتی ٤ی ڕەشەممە دوایی بانگهێشتکردنی بۆ ئێدارە ئێتلاعات دەستبەسەر و هەموویان ڕه‌وانه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری ورمێ كران. ئه‌م سێ به‌ندكراوه سیاسییه بۆ ماوه‌ی ساڵێك له ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتدا كه‌وتبوونه ژێر ئه‌شكه‌نجه و گۆشارەوە تاکوو دان بەوەدا بنێن کە له بۆمبدانانەکەی خەرمانانی ١٣٨٩ی شاری مه‌هاباددا بەشدار بوون، دواجار گوشارەکان کاریگەر بوون و هه‌ردووكیان بە ناچاری لە بەردەم کامێرای تێلەڤیزیۆندا دانیان بەم شتەدا نا، تۆڕی پرێس تێڤێی كۆماری ئیسلامیی ئێران له خه‌رمانانی ١٣٩٣دا دانپێدانانه‌كانیانی بڵاو كرده‌وه.
تۆمه‌تبارکردنی ناوبراوان بە بۆمبدانان و دانپیانانە ناچارییەکە له حاڵێكدا بوو كه سێ ساڵ پێش ئه‌و بەروارە، واتە له ٤ی ڕه‌زبه‌ری ساڵی ٨٩دا، موحه‌ممه‌د پاكپوور، فه‌رمانده‌ی هێزی زه‌مینیی سپای پاسداران، وتبووی بكه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م بۆمبدانانە کوژراون.
له ڕێكه‌وتی ١٨ی خاكه‌لێوه‌ی ١٣٩٤، دیاكۆ ڕه‌سوڵزاده ، سابیر شێخ عه‌بدوڵڵا و حوسێن عوسمانی به‌تۆمه‌تی «موحاربه (شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خودا) له ڕێگه‌ی ئه‌ندامێتییەوە له كۆمه‌ڵەدا و به‌شداریكردن له دانانی بۆمبدا»، له‌لایه‌ن لقی یه‌كی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی مهاباده‌وه به سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌ر “ئه‌حمه‌د جه‌وادی كیا ” بە لەسێدارەدان مەحکووم کران. دوای ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی تۆمه‌تباران و هه‌روه‌ها پارێزه‌ری دانراو بۆ ئه‌م دۆسیەیە، دۆسیه‌کەی ئه‌م سێ به‌ندكراوه سیاسییه بۆ لقی ٤٧ی دیوانی باڵای ئێران نێردرا و بۆپێداچوونه‌وه‌ی دووباره ڕه‌وانه‌ی لقی یه‌كی دادگای ورمێ كرایەوە.
ئه‌م دادگایه‌ش بۆ دووهه‌مین جار حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر سابیر شێخ عه‌بدوڵڵا و دیاكۆ ڕەسووڵزادەدا سەپاندەوە.