پیاوێک لە سەقز بە چەقۆ هێرشی کردە سەر دەسگیرانە لاوەکەی و ئێستە ژنەکە دۆخێکی زۆر ناجێگیری هەیە و لە نەخۆشخانەی ئەو شارە لە بەشی چاودێریی تایبەتدایە.
ئەم ژنە ناوی «پ. ڕەحمانی»، ٢٢ ساڵان و خەڵکی گوندێکی سەقزە کە لە ڕۆژی ١٣ی پووشپەڕدا لە ماڵی دەسگیرانەکەی بە ناوی «ئەلف. سادقی» لە ناوشاری سەقز کەوتە بەر پەلامارەوە و پاشان لە حاڵێکدا کە تووشی خوێنلەبەرچوونێکی فراوان ببوو، لە لایەن دراوسێکانەوە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە. لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا نیشانەکانی ژیانی خانمی ڕەحمانی گەلێ کز و لە دۆخی کۆمادا بووە، بەڵام دوای دوو جار نەشتەرگەری گەڕاوەتەوە دۆخی هۆشیاری.
بە وتەی باوکی ئەم ژنە، هێرشکەرەکە ١٩ جار چەقۆی بە زگ و سینەیدا کردووە و نزیکەی ١٣ جاری‌تریش بە شوێنەکانی دیکەی جەستەیدا وەکوو دەستەکان، پەنجەکان، ڕان و باسکەکانی. ناوبراو دەڵێ ئەو زەبرەی بەر زگی کچەکەی کەوتووە زۆر قووڵ بووە و زەبری قورسی لە ڕیخۆڵە و گورچیلەکانی داوە.
پ. ڕەحمانی دوای ئەوی هۆشیار بۆتەوە بە چالاکێکی مافی ژنانی سەقزی وتووە کە لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا هیچ دەمەقاڵە و شەڕیک لە نێوانیاندا ڕووی نەدابوو و لە ڕاستیدا لەسەر داوای دەسگیرانەکەی و بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ڕێوڕەسمی زەماوەنەکەیان چووبووە ماڵیان.
بنەماڵەی ئەم ژنە شکاتیان لە دەسگیرانەکەی کرددوە، بەڵام ناوبراو ئێستە هەڵاتووە و و دیار نییە لە کوێیە.