به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، پارێزه‌ری به‌ندكراوی كورد “سوهه‌یلا حیجاب“، له ‌حاڵێكدا نۆزده‌هه‌مین رۆژی مانگرتنه‌كه‌ی له‌ خواردن له‌ بەندیخانەی قه‌رچه‌ك تێده‌په‌ڕێنێ کە سه‌ره‌ڕای ئەوەی نیشانه‌كانی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای پێوە دیارە، به‌ڵام هێشتا هەر له‌ قه‌ره‌نتینه‌ی ئه‌م زیندانه‌ و له‌ بارودۆخێكی ناله‌باردایە و هیچ جۆرە پشکنەن و خزمەتگوزارییەکی پزیشكیشی بۆ دابین نەکراوە.
ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ له ڕێكه‌وتی ٢٧ی جۆزه‌ردانه‌وه‌ به ‌مه‌به‌ستی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر به‌ مانه‌وه‌ی له ‌به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌ك و داخوازیی گواستنه‌وه‌ بۆ زیندانی ئێوین، مانی له‌خواردن گرتوه‌. هه‌روه‌ها ناوبراو داوای كۆتاییهاتنی زه‌خت و گۆشاری ده‌زگا ئه‌منیەتییە‌كانی له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ و گواستنه‌وه‌ی زه‌ینه‌ب جه‌لالیانیش بۆ زیندانی خووی یان ئێڤین دەکات.
ده‌وترێ ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٥ی پووشپه‌ڕ، كاتێك كه‌ به‌رپرسانی زیندانی ویستوویانه‌ زه‌ینه‌ب جه‌لالیان ڕه‌وانه‌ی شوێنێكی نادیار بكه‌ن، هه‌وڵی داوه‌ كه‌ ببێته‌ ڕێگر لە بەردەم گواستنه‌وه‌ی زه‌ینه‌بدا و هەر بۆیە‌ له ‌لایه‌ن به‌رپرسانی زیندانه‌وه‌ كه‌وتۆته‌ به‌ر په‌لامار و لێدان.
ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ كورده‌ دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی نامه‌یه‌ك، به ‌فه‌رمانی پاراستنی زیندان، لە ‌مافی پێوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵەکەیی بێبەش بووە. سەرەڕای ئەوەی مانگرتن و نیشانه‌كانی تووشبوون به كۆرۆنا بوونەتە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی ناوبراو، کەچی گواستوویانه‌ته‌وه‌ بۆ ژووری «ڕه‌ئی كار»ی قه‌ره‌نتینه‌. خانمی حیجاب له‌م ماوه‌یه‌دا ته‌نیا یه‌ك جار براوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌، ئه‌مه‌ له ‌حاڵێكدایه‌ کە دەبوو‌ بۆ ده‌رمانکران بگوێزرایه‌تەوە بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زیندان.
سوهه‌یلا حیجاب، پارێزه‌ری یاسایی و خه‌ڵكی كرماشان، له‌ جۆزه‌ردانی ساڵی ڕابردوودا له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سپای پاسدارانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر کرا و پاش ماوه‌یه‌ك گواسترایه‌وه‌ بۆ یه‌كێك له‌ ماڵە ئه‌منه‌كانی ئه‌م ڕێكخراوه‌یە و دواتریش دیسان برایەوه‌ بۆ به‌ندی ژنانی‌ زیندانی ئێوین. ناوبراو دواجار و پاش ٨ مانگ به‌ دانانی بارمته‌ی ٣ میلیارد تمه‌نی ئازاد کرا‌. ئه‌م پارێزه‌رە له‌ ڕێكه‌وتی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٨دا به‌ تۆمه‌تی «پڕوپاگه‌نده‌ دژی حکوومەت، کۆبوونەوە و پیلانگێڕی، تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە، دروستکردنی گرووپ بۆ داکۆکی لە مافی ژنان و داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئێران»، سەرجەم حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بۆ بڕایەوە. به‌ پێی مادەیەکی یاسایی سەبارەت بە تێکەڵکردنی حوكمه‌كان، لە کۆی ئەم حوکمانە، ٥ ساڵی بەڕێوە دەچێت. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٣ی جۆزەرداندا و پاش بانگکران بۆ لقی ٣٦ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای تاران، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی قەرچەک.