بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کەوتووە، بڕیار بوو ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕ، لە گوندی “نێ”ی مەریوان ڕێوڕەسمێک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی سێ چالاکی گیانبەختکردووی ژینگەپارێز، «موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی»، بەڕێوە بچێت، بەڵام هێزێکی بەرچاوی ئەمنیەتی چوونە ناو گوندەکە و پێشیان لەبەرێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە گرتووە.
دەگوترێت کە لاوێکی دانیشتووی ئەم گوندەش بە ناوی «کاوان کەسرایی» لە لایەن ئەم هێزانەوە دەستبەسەر کراوە و گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شارە جیاوازەکاندا، پێشتر باسیان لە گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکان بۆ بەرگرتن بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە چالاکانی گیانبەختکردووی ژینگەپارێز کردبوو.
بە وتەی ئەم سەرچاوانە، هەر لە دووتوێی ئەم گوشارانەدا «ئاشنا حەسەنزادە»، بەرپرسی ئەنجومەنی ژیوای پاوە، لە لایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەو شارەوە بانگ کراوە و چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کراوە.
شایانی باسە کە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ، موختار خەندانی لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی ژیوای، یاسین کەریمی ئەندامی کۆمیتەی چالاکییەکانی ئەم ئەنجومەنە و بیلال کەریمی لە کەسانی خۆبەخش، کە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی ناوچەی پارێزراوی «بۆزین» و «مەرەخێڵ»ی شاری پاوەدا بوون، گیانیان لە دەست دا.